Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 16:52

محسن ڕەزایی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات: پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکە وەڵامێکی خێرا و گورچکبڕی دەبێت

100%

محسن ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لە پەیامێکی توونددا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە پێشێلکردنی چەند بەندێکی گرنگی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازیی کرد.

ڕەزایی لە هەژماری فەرمی خۆی ڕایگەیاند، کە ئەمریکا لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی هێزە بریکارەکانی (نیابەتی) لە ناوچەکەدا، بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی (MOU) پێشێل کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوامیی دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی لەلایەن واشنتنەوە لە گەرووی هورمز، بە واتای پێشێلکردنی بەندی پێنجەمی هەمان ڕێککەوتننامە دێت.

ئەم بەرپرسە باڵایەی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە ئیدارەی ئەمریکا و گوتی: "وەڵامی پێشێلکردنی هەر بەندێکی ئەم لێکتێگەیشتنە، خێرا و گورچکبڕ دەبێت."

ئەم لێدوانانەی ڕەزایی لە کاتێکدایە کە ناوچەی گەرووی هورمز لە دۆخێکی یەکجار هەستیار دایە، بەتایبەت دوای پێکدادانە سەربازییەکانی چەند کاتژمێری ڕابردوو لە نێوان هێزی دەریایی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئەمریکا. تاران واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دەیەوێت لە ڕێگەی فشارە سەربازییەکانەوە ئاگربەستە 60 ڕۆژییەکە تێک بدات، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەکاتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.