Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 16:52

لەژێر سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی بەڕێوەچوو

100%

لە وڵاتی ئەڵمانیا و لەژێر سەرپەرشتی سەرۆک  بارزانی، کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی دەستی بە کارەکانی کرد. لە میانی کۆنگرەکەدا، شیفا بارزانی پەیام و پێشنیارەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و گەشەپێدانی زمانی کوردی گەیاندە ئامادەبووان.

شیفا بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرۆک بارزانی بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەم کۆبوونەوە زانستی و فەرهەنگییە و هیوای سەرکەوتنی بۆ کارەکانی کۆنگرەکە خواستووە. جەختیشی کردەوە کە زمانی کوردی پایەی سەرەکیی مانەوەی گەلی کوردە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ زیندوو ڕاگرتنی بن.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، شیفا بارزانی تیشکی خستە سەر ڕاسپاردەیەکی گرنگی سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی دیاسپۆرا و ناوخۆ و وتی: "لەسەر داوای سەرۆک بارزانی، دەبێت هەموو خێزانە کوردەکان هان بدەین کە منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندنی زمانی کوردی و ڕێگە نەدەن نەوەی نوێ لە زمانەکەیان داببڕێن."

هەروەها پەیامێکی توندی ئاراستەی ناو خێزانەکان کرد و ڕایگەیاند، پێویستە زمانی کوردی ببێتە زمانی یەکەمی ئاخاوتن لە ماڵەوە. وتیشی: "ئەرکی سەرشانی باوانە کە لە ناو ماڵ و خێزانەکانیاندا تەنیا بە زمانی کوردی قسە بکەن، بۆ ئەوەی زمانەکەمان بە پارێزراوی بگاتە نەوەکانی داهاتوو."

ئەم کۆنگرەیە کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕانی زمان، ئەکادیمیست و نووسەران بەڕێوەدەچێت، ئامانجیەتی میکانیزمێکی نوێ و نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنی هەوڵەکان لە پێناو فێربوون و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی لە سەرانسەری جیهاندا دابڕێژێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.