لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ساڵانی 2019 تا 2025، سەرجەم داتا و زانیارییەکان سەبارەت بە ژمارەی فەرمانبەران، مووچەخۆران و سوودمەندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاکان خرایە ڕوو.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی فەرمانبەران، مووچەخۆران و سوودمەندان کە تەمویلی مووچەکانیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دابین دەکرێت، گەیشتووەتە 1,190,391 (یەک ملیۆن و سەد و نەوەد هەزار و سێ سەد و نەوەد و یەک کەس. تێچووی مانگانەی مووچەی ئەم ڕێژەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، بڕی زیاتر لە 945 ملیار دینارە.
جگە لەو ڕێژەیەی سەرەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی دابینکردنی مووچەی نزیکەی 87,000 فەرمانبەری دیکەی لە ئەستۆیە، کە بریتین لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەت و فەرمانگە جیاوازەکان.
تێچووی مانگانەی ئەم فەرمانبەرانە نزیکەی 42 ملیار دینارە و لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، چونکە حکوومەتی فیدراڵ تەمویلی مووچەکانیان ناکات.
وەزارەتی دارایی لەبارەی بەرزیی ڕێژەی میلاکات لە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، کە بوونی دامەزراوە سیادییەکان (سێ سەرۆکایەتییەکە، وەزارەتەکان و دەستە گشتییەکان) لە پایتەخت، هۆکاری سەرەکیی ئەو بەرزبوونەوەیەیە. هەروەها ڕوونکراوەتەوە کە میلاکاتی زۆربەی وەزارەتە سیادییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە، لەسەر میلاکی هەولێر هەژمار کراون، هەر بۆیە ئاماری فەرمانبەران لەو دوو پارێزگایە کەمتر دەردەکەوێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە بڕی "تەمویلی ڕاستەقینە" (صافي مبلغ الراتب) مانگانە جیاوازە لە "کۆی شایستەی مووچە"، ئەمەش بەهۆی لێبڕینە یاساییەکانی وەک خانەنشینی و باج لەلایەن بەغداوە، جگە لە گۆڕانکارییە ڕۆژانەکانی وەک (خانەنشینبوون، مۆڵەتی دایکایەتی، مۆڵەتی بێ مووچە و گەڕانەوە بۆ دەوام).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.