فەرماندەیی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (Southern Command) ڕایگەیاند، کە بەرپرسێکی باڵای سەربازی وڵاتەکەی گەیشتووەتە ڤەنزوێلا، ئەمەش بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی پرۆسەی هاوکارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی شوێنەوارەکانی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە وڵاتەکەی هەژاندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەرکی ئەم بەرپرسە سەربازییە باڵایە بریتی دەبێت لە ڕێکخستنی هەماهەنگییەکان لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری و دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی خێرای یارمەتییە مرۆیی، پزیشکی و تەکنیکییەکان بۆ ناوچە لێقەوماوەکان. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە واشنتن بڕیاریدا تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن ڕەوانەی كاراكاس بکات.
ئامادەبوونی بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا لە ناو خاکی ڤەنزوێلا لەم کاتەدا، وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسییەکان لە پێناو هاوکاری مرۆیی، چونکە ڤەنزوێلا لە ئێستادا بەهۆی "بوومەلەرزە دووانەییەکە"ی ڕۆژی چوارشەممەوە لە بارودۆخێکی کارەساتباردایە.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، بوومەلەرزەکە کە گوڕەکەی گەیشتە 7.5 پلە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 32 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 700 کەسی دیکە، هاوکات دەیان باڵەخانە لە پایتەخت داڕووخاون و تیمە نێودەوڵەتییەکان لە کێبڕکێدان لەگەڵ کات بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووی خانووەکاندا ماونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.