وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەیان توانیویانە 660 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) ئۆکراینی بخەنە خوارەوە، کە ئەمە بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی درۆن دادەنرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، هێرشەکان ئاسمانی 10 ناوچەی جیاوازی ڕووسیایان گرتووەتەوە، لەنێویاندا مۆسکۆی پایتەخت، نیمچە دوورگەی کریمیا، دەریای ڕەش و دەریای ئازۆڤ.
لەمبارەیەوە سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ڕایگەیاند، لانیکەم 47 درۆن کە ڕوویان لە پایتەخت بووە تێکشکێنراون و هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکانیان تۆمار نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، پارێزگاری ناوچەی "تۆلا" (180 کیلۆمەتر دوور لە مۆسکۆ) ئاماژەی بەوە کرد، کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکانەوە زیان بە ماڵێکی هاووڵاتیان گەیشتووە و ژنێکیش بریندار بووە.
لە مانگەکانی ڕابردوودا، ئۆکراینا هێرشە دوورمەوداکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا چڕتر کردووەتەوە، کە ئامانجی سەرەکییان لێدانی وێستگەکانیوزەیە، بە مەبەستی پەکخستنی سەرچاوە داراییەکانی کرێملن بۆ دابینکردنی تێچووی جەنگ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.