مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن بڕیاریداوە بە پەلە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن، پێداویستی پزیشکی و یارمەتیی مرۆیی بۆ وڵاتی ڤەنزوێلا ڕەوانە بکات.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا دوای ئەو بوومەلەرزە دووانەییە بەهێزە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە ڤەنزوێلای هەژاند و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 32 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 700 کەسی دیکە، جگە لە وێرانبوونی چەندین باڵەخانە لە كاراكاسی پایتەخت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن کار بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە دەکەن کە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە، هەروەها سەرچاوە پزیشکییەکان و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە لێقەوماوانی ئەو کارەساتە سروشتییە تەرخان دەکرێن.
ئەم هەنگاوە مرۆییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ڤەنزوێلا باری نائاسایی تێدا ڕاگەیەندراوە و تیمە ناوخۆییەکان بەهۆی قەبارەی وێرانکارییەکانەوە پێویستییەکی زۆریان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شوێنەوارەکانی بوومەلەرزەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.