85 ملیۆن دۆلار لەژێر زەوی دۆزرایەوە, گەندەڵییەکی گەورەی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرا کرا
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 23ی حوزەیرانی 2026، دەستبەسەرداگرتنی بڕی زیاتر لە 85 ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاند، کە بەشێکی زۆری لەناو ماڵان و لەناو چاڵدا لەژێر زەویدا شاردرابوونەوە. ئەم پارانە پەیوەندییان بە دۆسیەی گەندەڵیی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی نەوتەوە هەیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی دادگا، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە "عەدنان جومەیلی" بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتنە، کە مانگی ڕابردوو لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکرابوو. جومەیلی تۆمەتبارە بە بەهەدەردانی سامانی گشتی لەو پڕۆژانەی لەژێر سەرپەرشتی ئەودا بوون.
پارەکان لە قوڵایی 4 مەتردا شاردرابوونەوە
دادگا ئاشکرای کردووە کە لە نوێترین پشکنیندا، بڕی 67 ملیار دینار و یەک ملیۆن دۆلاری کاش دۆزراوەتەوە. بەشێکی ئەم پارانە لەناو ماڵی چەند کەسێکدا بوون، بەڵام بەشەکەی تری لە قووڵایی 4 مەتر لەژێر زەویدا شاردرابوونەوە و هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی ئامێری هەڵکەندنی تایبەت توانیویانە دەریبهێنن.
بە دۆزینەوەی ئەم بڕە نوێیە، کۆی گشتیی ئەو پارانەی لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە گەیشتووەتە زیاتر لە 98 ملیار دینار و 11 ملیۆن دۆلار، کە بە تێکڕا دەکاتە زیاتر لە 85 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
دەستبەسەرداگرتنی خانوو، ئۆتۆمبێل و زێڕ
جگە لە پارەی کاش، دادگا بڕیاریداوە دەست بەسەر چەندین سامانی تری جومەیلیدا بگرێت، کە بریتین لە:
70 خانووبەرە و زەوی (عەقار).
21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزی گرانبەها.
نزیکەی 3 کیلۆگرام زێڕ و زێڕینگەرى.
فراوانبوونی دەستگیرکردنەکان
لە ئەنجامی دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە "رائید جبووری" بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای سەڵاحەدینیش دەستگیر بکەن، کە تێوەگلاوە لە هەمان دۆسیەدا.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتی ئیدارەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە، کە بەڵێنی داوە ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە. عێراق ساڵانە بەهۆی گەندەڵییەوە ملیاران دۆلار زیانی پێ دەگات و زۆرجار بەرپرسە باڵاکان لە سزا ڕزگاریان دەبێت، بەڵام ئەم دۆسیەیە بە یەکێک لە گەورەترین دەستبەسەرداگرتنەکانی پارە لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرێت دوای "دزیی سەدە" کە تێیدا 2.5 ملیار دۆلار دزرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.