ئارام عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە تەرمی ئەو ئافرەتە بدۆزنەوە کە لە هاوینەهەواری "کونە ماسی" لە سنووری پارێزگای سلێمانی خنکابوو.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ئاماژەی بەوە کرد، دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکانی گەڕان و مەلەوانانی بەرگریی شارستانی، سەرئەنجام تەرمی ئەو ئافرەتە دۆزرایەوە کە بە مەبەستی گەشتکردن ڕووی لە ناوچەکە کردبوو و بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەستدابوو.
ئاماژە بەوەش دراوە کە دوای دۆزینەوەی، تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی کراوە بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و ڕادەستکردنەوەی بە کەسوکاری.
ناوچەی کونە ماسی، کە یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە پڕبایەخەکانی سنووری قەزای شارباژێڕ، ساڵانە لە وەرزی گەرمادا گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، بەڵام بەرگریی شارستانی هەمیشە هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان کە لەو شوێنانەی بۆ مەلەکردن گونجاو نین، خۆیان لە ئاوەکە نەکەن تاوەکو ڕووداوی خەمناک نەکەوێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.