Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 15:34

نەوزاد شێخ کامیل: سایلۆی هەولێر گەنمی جووتیارانی سنووری (کەندێناوە و گوێڕ و مەلاقەرە) وەردەگرێت

Rawand rebwar
100%

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئەو گەنمەی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە جووتیارانی کەندێناوە، گوێڕ و مەلاقەرە وەرنەگیراوە لە سایلۆکانی هەولێر وەربگرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا تەواوی گەنمی جووتیارانی سنووری (کەندێناوە، گوێڕ و مەلاقەرە) لە سایلۆکانی هەولێر وەربگیرێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە حکوومەتی فیدراڵ ئامادە نەبوو لە مەخموور گەنمی ئەو ناوچانە وەربگرێت، بۆیە لە پێناو پاراستنی ڕەنجی جووتیاران، سایلۆکانی هەولێر ڕاسپێردران بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە کە زیاتر لە 65,000 تەن دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان گوتی: "تا ئێستا بڕی زیاتر  لە 7 هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی ئەو سنوورانە وەرگیراوە".

نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ڕێکەوتی 12ی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا، پڕۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت و ئامارەکانیش بەم شێوەیەن:

  - کۆی گشتیی وەرگیراو لە هەرێم: 110,223 تەن و 570 کیلۆگرام.

  - پارێزگای هەولێر: 38,073 تەن.

  - پارێزگای دهۆک: 35,053 تەن.

  - پارێزگای سلێمانی: 37,886 تەن.

سەبارەت بە قەرەباڵغیی سایلۆکان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕوونی کردەوە کە سیستەمی "سەرەگرتنی ئەلیکترۆنی" زۆرترین کارئاسانی کردووە. لە ئێستادا جووتیاران تاوەکو ڕێکەوتی 29ی ئەم مانگە سەرەیان بۆ دیاری کراوە، ئەمەش وای کردووە پڕۆسەکە بەبێ کێشە و جەنجاڵی بەڕێوە بچێت. ڕۆژانە تەنها لە سایلۆکانی هەولێر زیاتر لە 65 بارهەڵگر گەنم دەگوازنەوە و وەردەگیرێت. ئاماژەوەی بەوەش کرد، تیمەکان بە شەو و ڕۆژ لە کارکردندان.

لە کۆتاییدا، نەوزاد شێخ کامیل دڵنیایی دایە جووتیاران کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بە کەمترین کات و باشترین شێوە وەربگیرێت و شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.