بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیامێکی نوێی سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە خاکی لوبنان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل (IDF) هیچ کۆت و بەندێکی لەسەر نییە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیدا.
نەتانیاهۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ڕێنماییەکانی من و وەزیری بەرگری بۆ سوپا ڕوونن و نەگۆڕاون؛ شەڕکەرەکانمان لە باشووری لوبنان ئازادی تەواوی ڕەفتارکردنیان هەیە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ یان پەرەسەندوو، چ بۆ سەر ژیانی خۆیان یان بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە سوپاکەیان لەم پرسەدا "هیچ سنووردارکردنێکی نییە" و وتیشی: "من لە پشتیان دەوەستم و تەواوی نەتەوەکەشمان پشتیوانیان دەکات."
سەبارەت بە ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی لوبنان، نەتانیاهۆ وتی: "هەڵوێستم نەگۆڕە؛ ئێمە لە 'ناوچەی ئەمنی' لە باشووری لوبنان دەمێنینەوە بۆ هەر ماوەیەک کە پێویست بێت، تاوەکو پاراستنی دانیشتووانی باکوور و تەواوی هاووڵاتیانی دەوڵەتەکەمان مسۆگەر دەکەین."
ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی سەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەردەوامییان هەیە و ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراوەوە، ڕێگری لە هێرشەکانی سەر ناوچە سنوورییەکانی باکووری وڵاتەکەی بکات.
تەواوت قسەکانی ناتانیاهۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.