ئەمڕۆ یەكشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی تەلارسازی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) لە شاری هەولێر دانا.
پڕۆژەی تەلارسازی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) لەسەر بیرۆکەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت و لەلایەن ئەندازیار و بە دەستوبازووی گەنجانی كورد دروست دەكرێت.
ئامانجی پڕۆژەی تەلارسازی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) زیندووکردنەوەی تەلارسازیی کوردی و بەرجەستەکردنی سروشتی کوردستانە.
پڕۆژەکە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و چەندین پێوەری جیهانیی شکاندووە.
پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە لەوانە: هۆڵی سەرەکیی مزگەوت کە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت، هەروەها گەورەترین هۆڵی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، و شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700,000 کەس لەیەک کاتدا.
بەشێکی تری مزگەوتەکە بریتییە لە باخچە و دارستانی تایبەت کە زیاتر لە 1 ملیۆن دار و درەخت و گوڵ لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین شەلالی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان کە بە بەرزایی 48 مەتر دەڕژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا.
لە روانگەی ئەندازیاری و دیزاینەوە، بیرۆکەی ئەم مزگەوتە لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی و نەقش و نیگاری کوردەواری دامزراوە؛ باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر شێوازی (ڕەشماڵی کوردی) و باڵەخانەکانی تر لەسەر شێوازی (خیوەتی کوردی) دیزاین کراون.
مزگەوتی گەورەی بارزانی بەشێوەیەكی گشتی لەم بەشانەی خوارەوە پێكدێت:-
- هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن: جێگەی 9,000 کەس دەبێت و لەسەر گردێکی دەستکرد دروست کراوە.
- حەوشە و باخچەی مزگەوت: جێگەی زیاتر لە 700,000 کەس دەبێت.
- هۆڵی بۆنە ئایینییەکان.
- گەورەترین کاتژمێری رۆژی.
- گەورەترین نافوورەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان.
- بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان.
- چوار منارە و بوونی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر.
- گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی جیهان.
- کتێبخانە و شوێنی گەورەترین ئەرشیفکردنی نووسراوە کوردی و ئایینییەکان.
- هۆڵی کۆنفرانس.
- مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی.
- قوتابخانەی ئایینی.
- هۆڵی نانخواردنی گشتی.
- هۆڵی تایبەت بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان.
- گەورەترین شەلالی دەستکرد و دەریاچەی دەستکرد.
- گەورەترین پارک.
- بازاڕی تایبەت بە کەلوپەلی ئایینی و کوردی.
- شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.