ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی "ئازادی" لە کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە ناحیەی شێلادزێ، ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی ڕوویدا و لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە کۆنتڕۆڵ کرا.
سەرچاوەیەک لە بنکەی بەرگریی شارستانیی شێلادزێ بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: "تانکەرەکە خەریکی بەتاڵکردنی سووتەمەنی (گاز) بووە بۆ ناو تانکی موەلیدە ئەهلییەکانی گەڕەک، بەڵام بەهۆی تەقینی سۆندەی ئەو بزوێنەرەی (ماتۆڕ) کە گازەکەی پێ بەتاڵ کراوە، ئاگرەکە کەوتووەتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی بەرگریی شارستانی، دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە هاوکاریی هاووڵاتییانی ناوچەکە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان ڕێگری بکەن لەوەی ئاگرەکە بگاتە موەلیدەکان و تەشەنە بسێنێت.
لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا، تەنها بەشێکی تانکەرەکە و دوو تایەی سووتاون.هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و زیانە ماددییەکانیش کەم بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.