سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند، کە سەربازێکیان لە کاتی پێکدادانەکان لەگەڵ چەکدارانی حزبوڵڵا لە باشووری خاکی لوبنان کوژراوە. ئەم ڕاگەیاندنەی سوپا لە کاتێکدایە کە بەرەکانی جەنگ سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، پێکدادانی سەختیان تێدا بەدی دەکرێت.
بەپێی بەیاننامە کورتەکەی سوپای ئیسرائیل، سەربازەکە لە ئەنجامی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە یەکێک لە میحوەرەکانی باشووری لوبنان گیانی لەدەستداوە. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هەردوولا، ئیسرائیل و حزبوڵڵا، یەکتری بە پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن و ئامارەکانی کوژراو و بریندار لە هەردوولا لە هەڵکشاندایە.
کوژرانی ئەم سەربازە ئیسرائیلییە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان کە تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بووەتە هۆی کوژرانی 83 کەس، بەمەش کۆی گشتیی قوربانیانی شەڕ لە لوبنان گەیشتووەتە زیاتر لە 4000 کەس.
ئەم پێشهاتە مەیدانییە نوێیە، ئاستەنگی زیاتر دەخاتە بەردەم گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بڕیارە سبەی یەکشەممە 21ی حوزەیران لە وڵاتی سویسرا دەستپێبکات، بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. توندبوونەوەی شەڕ لە باشووری لوبنان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا لایەنەکان لەسەر زەوی نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی و ئەگەری فراوانبوونی پێکدادانەکان بە کراوەیی ماوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.