بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لە شاخ، گەشتیارێک لە گۆمی بێکۆدیانی سنووری باڵەکایەتی بریندار بووە و وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆرانیش دەڵێت، بەهۆی سەختیی شوێنەکە ئەگەری زۆر هەیە پێویستییان بە بەکارهێنانی کۆپتەر بێت بۆ گەیشتن بە بریندارەکە و گواستنەوەی بە سەلامەتی.
ڕۆژی شەممە 20ـی حوزەیران، هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان بە کەریم سمکۆی پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: "گەشتیارێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی بە مەبەستی گەشت و شاخڕەوی سەردانی گۆمی بێکۆدیانیان کردووە، لەکاتی گەڕانەوەدا گەشتیارەکە تووشی ڕووداوی بەربوونەوە هاتووە و کڵاوەی ئەژنۆی ترازاوە و لەجێچووە".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان گوتی: "قسەم لەگەڵ گەشتیارەکە کردووە و لە شاری هەولێرەوە هاتوون و تەندروستی باشە، بەڵام ناتوانێت بە پیادە بڕوات، بۆیە لەگەڵ هاوڕێکانی خەریکن دەیهێننە خوارەوە، بەڵام شوێنەکە زۆر سەخت و دژوارە، لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بتوانن بە هانای ئەو گەشتیارەوە بچن".
لای خۆیەوە ڕەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، چوار تیمی تایبەت لە هێزەکانی بەرگریی شارستانی بەرەو شوێنی رووداوەکە ڕەوانە کراون، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەکە، ئەگەری زۆر هەیە پێویستییان بە بەکارهێنانی کۆپتەر بێت بۆ گەیشتن بە بریندارەکە و گواستنەوەی بە سەلامەتی.
گۆمی بێکۆدیان بەرزترین گۆمی سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانە، لە هاوینەهەواری پڕژەوە گەشتیاران و شاخەوانان نزیک بە 8 کاتژمێر بە پیادە بە ڕێگایەکی زۆر سەخت و دژوار خۆیان بە گۆمەکە دەگەیەنن
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.