حكوومەتی سویسڕا بەفەرمی دواخستنی دانوستان و كۆبوونەوەكانی نێوان ئێران و ئەمریكای راگەیاند كە بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی لە شاری جنێفی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
دواخستنی دانوستان نێوان ئێران و ئەمریكا دوای ئەوە دێت كە چەند كاتژمێرێك پێش ئێستا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا سەردانەكەی بۆ سویسڕا هەڵوەشاندبووەوە.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە هاتووە: دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دواخرا كە بڕیاربوو ئەمڕۆ هەینی لەنێوان ئەمریكا و ئێران و بە ئامادەبوونی قەتەڕ و پاكستان بەڕێوەبچێت.
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هیچ كاتێكی دیكە بۆ ئەنجامدانی دانوستانەكان دیاری نەكراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە کاروبارە ئامادەكاری و لۆجستییەكان بۆ دەستپێکردنی دانوستانە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران سادە و ئاسان نییە.
گوتەبێژەکەی كۆشكی سپی گوتبووی: ئامادەكاری و کاروبارە لۆجستییەکانی ئەم دانوستانانە سادە و ئاسان نین. بۆیە ئەمشەو جێگری سەرۆکی ئەمریکا واشنتۆن جێناهێڵێت و گەشت بۆ وڵاتی سویسڕا ناکات.
نەشی شاردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دانوستانە تەکنیکییەکان لەنێوان هەردوولادا دەست پێ بکەن.
شەوی رابردوو موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران پەیامێكی تەلەفزیۆنی لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا بڵاوكردبووەوە کە تێیدا ڕەزامەندی نیشاندابوو بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن پاش واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.