بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە هەوڵێک دەکەن بۆ گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.
بانکی ناوەندی هۆشداری دا لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵە چەواشەکارییەکان و ئاشکرای کرد کە نووسراوێکی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندەکاندا بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا هاتووە "سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە نرخی دۆلار بۆ 1600 دینار بەرز بکرێتەوە." بانکی ناوەندی جەختی کردەوە کە ئەم نووسراوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و بە تەواوی ساختەکراوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانکی ناوەندی بە توندی هەموو ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە نیازی دەستکاریکردنی نرخی دینار دەکەن. داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتییان کرد کە ورد بن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان و ئەو زانیارییانە ببەستن کە لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندییەوە بڵاو دەکرێنەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.