Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:07

 سەرۆکی کۆریای باشوور داوا لە ترەمپ دەکات هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی بۆ وڵاتەکەشیان بگەڕێنێتەوە

کوردستان TV
100%

لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور، داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد هاوکاری بێت لە بەدیهێنانی ئاشتیدا لەگەڵ کۆریای باکوور. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە ترەمپ بە هەمان ئەو شێوازەی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چارەسەر کرد، ئاوڕێک لە کێشەکانی کۆریاش بداتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور، ئەم داواکارییە لە میانی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکدا بووە لە لوتکەی کۆمەڵەی حەوت (G7) لە فەڕەنسا. تێیدا ترەمپ پرسیاری لەبارەی دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو کۆریا کردووە و جەختی لە پابەندیی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کۆریای باکوور.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی ئەمریکا و ئێران یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژوو بکەن. تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ تاران، دۆناڵد ترەمپ وێنەیەکی کۆنی خۆی و کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکووری (لوتکەی 2018ی سەنگافورە) بەبێ هیچ لێدوانێک بڵاو کردەوە، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕینی ئاراستەی تیشکی دیپلۆماسیی واشنتن بەرەو پیۆنگیانگ لێکدرایەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی "لی جای میۆنگ" بۆ ئاشتی، کۆریای باکوور تا ئێستا هەموو دەستپێشخەرییەکانی ڕەتکردووەتەوە و سێئولی وەک "دوژمنکارترین دەوڵەت" ناساندووە. هاوکات کیم جۆنگ ئون پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین توندوتۆڵتر کردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی وەک "هێزێکی ئەتۆمیی گەڕانەوە بۆ دواوەی نییە" دەمێنێتەوە.

شارەزایان پێیان وایە هەرچەندە سەرۆکی کۆریای باشوور گەشبینە بە ڕۆڵی ترەمپ، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی هاوپەیمانییە نوێیەکانی کۆریای باکوور لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین، دەرفەتی کۆبوونەوەیەکی نوێی لوتکە لە نێوان ترەمپ و کیم لەم قۆناغەدا کەمە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.