Erbil 31°C دووشەممە 12 تشرینی یەکەم 12:20

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بانگەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە گەرووی هورمز ڕاستییان تێدا نییە

100%

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو بانگەشانەی ئەمریکا کە دەڵێن دۆخی گەرووی هورمز ئاسایی بووەتەوە، هیچ بنەمایەکیان نییە و لەگەڵ واقیعی مەیدانیدا ناگونجێن.

بەقایی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا و ئەو هەڵسەنگاندنانەی باس لە لەدەستدانی "کارتەکانی گوشاری" ئێران لەو ناوچەیە دەکەن، گوتی: "بانگەشەکانی ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەوەی لە مەیداندا دەیبینین یەک ناگرنەوە. ئەوان دەتوانن بەردەوام بن لەو قسانەیان، بەڵام ئێمە کاری خۆمان دەکەین."

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی گەرووی هورمز پەیوەندی بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە. گوتیشی: "لە 28ـی فێبریوەرەوە  ئەوەی لەم ئاوەڕێیەدا دەبینرێت، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی کردەوەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنییە لە هێرشکردن بۆ سەر ئێران."

بەقایی هۆشداری دا و ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی ئەمریکا سور بێت لەسەر گەمارۆی دەریایی و جەنگی ئابوورییەوە، ئاسایش بۆ ئەم ئاوەڕێیە ناگەڕێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لەم دۆخە خۆشحاڵ نییە، چونکە ئاسایشی گەرووی هورمز زیاتر لە هەموو کەس بۆ خۆیان پێویستە، بەڵام "کردەوە دەستدرێژکارانەکانی ئەمریکا کێشەی بۆ جیهان و ناوچەکە دروست کردووە."

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەیدا، بەقایی ئاماژەی بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە مێژووی ئێران و یۆنان کرد و بە "بەشێک لە جەنگی ناسینەوە" (Cognitive War) وەسفی کرد. ناوبراو گوتی: "تەفسیرکردنی چەوت و پێچەوانەی ڕووداوە مێژووییەکان بۆ پاساوهێنانی شەڕخوازیی ئەمریکا، مەترسیدارە."

لە کۆتاییدا، سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە و حوسیەکانی یەمەن، بەقایی ڕایگەیاند کە ڕاوێژەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە و ئێران ئامادەیە نێوەندگیری لە نێوانیان بکات، چونکە بە باوەڕی تاران، تەنها ئیسرائیل قازانج لە توندبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەکات.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.