زانکۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییاندا، بۆ ئەمساڵیش پڕۆسەی ناردنی قوتابییان بۆ مەشقی هاوینە لە وڵاتانی عەرەبی و پێشوازیکردن لە قوتابییانی ئەو وڵاتانە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: "بە سەرپەرشتیی پ.د. کامەران یوونس محەممەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆ، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ ڕێکخستنی پڕۆسەی ناردنی 30 قوتابی زانکۆکەمان بۆ وڵاتانی عەرەبی بە مەبەستی وەرگرتنی مەشقی هاوینە."
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی چۆنییەتی هەڵبژاردنی قوتابییان ڕاگەیاند: "ئەم پڕۆسەیە سەرەتا لەلایەن بەشە جیاجیاکانی زانکۆوە ئەنجام دەدرێت؛ بەشەکان قوتابییانی خۆیان هەڵدەبژێرن و ناوەکانیان بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆ ڕەوانە دەکەن. دواتر لە سەرۆکایەتیی زانکۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانستییان بۆ ئەنجام دەدرێت و لە نێو سەرجەم نێردراوەکاندا، قوتابی بۆ مەشقی هاوینە دیاری هەڵدەبژێردرێن".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی زانکۆ، ئەو وڵاتانەی کە قوتابییانی زانکۆی سەلاحەدین بۆی دەنێردرێن و بە هەمان شێوە قوتابییانیان لێوە دێنە هەرێمی کوردستان، بریتین لە وڵاتانی (ئوردن، عومان، میسر، یەمەن و فەلەستین).
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە پڕۆگرامەکە دوولایەنەیە و هاوکات لەگەڵ ناردنی قوتابییانی هەرێم، زانکۆی سەلاحەدین پێشوازی لە 30 قوتابی ئەو وڵاتە عەرەبییانە دەکات تاوەکو لە ناوەندە زانستییەکانی زانکۆکەدا مەشقی هاوینەی خۆیان ئەنجام بدەن.
جێی باسە زانکۆی سەلاحەدین ساڵانە لە ڕێگەی ئەم پڕۆگرامەوە هەوڵ دەدات ئاستی زانستی و کولتووریی قوتابییان لە ڕێگەی ئاشنابوون بە زانکۆ و وڵاتانی دەرەوە بەرز بکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.