وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستەمی نوێی دیجیتاڵی پڕۆژەی ڕووناکی لە گەرمیان، دەربەندینخان، دوکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق دەخرێتەکار.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی حوزەیران، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستەمی نوێی دیجیتاڵی وەزارەتی کارەبا لە هۆبەی فرۆشیاری وزەی گەرمیان، دەربەندینخان، دوکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق دەخرێتە کار، کە نزیکەی 280,000 هاوبەش سوودی لێدەبینن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم سیستەمە نوێیە لە هۆبەکانی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێت و سوودی دەبێت لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و پڕۆسەی پسوولەکردن و پارەدان لەڕێگەی سەکۆی پارەدانی دیجتاڵی ئی-پسوولە بەشێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشووتر هەمان سیستەم لە هۆبەکانی فرۆشیاری هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، کۆیە و خەبات جێبەجێ کرا و ڕەنگدانەوەی چاکسازییەکانی پڕۆژەی ڕووناکییە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە 14 ئایاری ساڵی پار، ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.