مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی لەسەر دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت و جەختی کردەوە کە هەمووان پابەندی ئەو بڕیارانە دەبن کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵاوە دەردەچن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی "مێهر" بڵاوی کردەوە، کە سەرۆک کۆمار بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییە و ڕایگەیاندووە: "دوا بڕیار لای ئەوانە و منیش پێوەی پابەندم."
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەگەر بۆچوونی تایبەتیی خۆشم لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجومەن و ڕێبەری باڵای ئێران جیاواز بێت، هەر پابەند دەبم؛ چونکە لە کۆتاییدا بڕیارەکان بە کۆدەنگی و لە پێناو بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان دەدرێن."
سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: "هەموومان بانگەشەی یەکڕیزی و باوەڕبوون بە یەکگرتوویی دەکەین، کەواتە دەبێت کارەکانمان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بێت، کە دەرئەنجامی بیروڕای هەموو ئۆرگانەکانی سیستەمەکەیە."
لە کۆتاییدا پزیشکیان جەختی کردەوە: "هەر بڕیارێک لەلایەن ڕێبەری باڵای شۆڕشەوە پەسەند بکرێت، لەسەر هەموومان فەرزە پەیڕەوی لێ بکەین."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.