سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت و هاریکاریی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە تاوتوێ کران.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، شاندەکە مەبەستی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕوون کردەوە کە لەسەر ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و ئامانجی سەردانەکەشیان ڕاگەیاند کە بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی ئەمنیی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەپێناو دابینکردنی گەرەنتیی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت.
نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیی لە سەرکەوتنەکانی سوپای عێراق بەسەر تیرۆردا کرد، کە بە هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق، بەدەستیان هێناوە و هیوای بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکاریی لەنێوانیاندا خواست، لەپێناو نەهێشتنی بۆشاییی ئەمنی لەو ناوچانەدا کە جموجۆڵی تیرۆریستانی تێدایە؛ هەر لەو ڕووەوە، ستایشی هەڵوێستی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەولێر ـ بەغدای کرد.
دووپاتکردنەوەی پێویستیی پلانی هاوبەش و هاریکاریی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو کە سوپاسالاری پێشمەرگە، ئامادەی بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.