Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 11:32

کوردستان تیڤی نهێنیی نەکردنەوەی فلکەی باز ئاشکرا دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

یەکێک لە فلکە گرنگەکانی هەولێر "فلکەی باز"ە کە شەقامی 100 مەتری بە 120 مەترییەوە دەبەستێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە شەقامی 40 مەتری بە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و شەقامی 60 مەترییەوە گرێ دەدات. ئەم فلکەیە کە یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیژیترین ناوچەکانی پارێزگای هەولێر، ماوەی زیاتر لە 2 ساڵە داخراوە و کوردستان تیڤی بەدواداچوونی وردی بۆ کردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکان، فلکەکە تا ماوەیەکی نادیار ناکرێتەوە و بەو شێوەیەی ئێستای دەمێنێتەوە. ژێر پردی 100 مەتری بە کراوەیی دەمێنێتەوە و لە شەقامی لاوەکییەوە بۆ سەر شەقامی 120 مەتری ڕێگاکە کراوە دەبێت، بەڵام بەشی سەرەوەی پردەکە وەک خۆی بە داخراوی دەمێنێتەوە.

موقەدەم هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: "لیژنەی هاوبەشی نێوان شارەوانیی هەولێر و هاتووچۆی هەولێر، پێمان باش بوو ئەم فلکەیە دابخرێت و بەو شێوەیەی ئێستا هەیە بمێنێتەوە، چونکە بەم شێوەیە شەقامەکان بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان باشتر و کراوەتر دەبن."

ئەم فلکەیە گرنگییەکی گەورەی لە هاتوچۆی هەولێردا هەیە و بە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان دادەنرێت کە ڕۆڵێکی کاریگەری لە ڕێکخستنی هاتوچۆی ناوچەکەدا هەیە.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: "ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ هاتوچۆی هەولێر بڕیاری داخستنی ئەم فلکەیە دراوە، تا ئەو کاتەی پێویست بکات فلکەکە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، ئەمەش لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و ڕێکخستنی هاتوچۆدایە." گوتیشی: "هەر کاتێک پێویست بکات، فلکەکە دەکەینەوە."

کاتێک دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی شەقامی 100 مەتریی هەولێر، فلکەی باز داخرا و تا ئێستاش بە داخراوی ماوەتەوە. بەپێی پلانی شارەوانی و هاتوچۆی هەولێر، تا کاتێکی نادیار دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.