من لەڕێگاى دەنگى ئەیاز و ئەردەوانەوە نامەى خۆمم گەیاندە دنیا، چونکە ئەوان گۆرانییەکانیان هەرلەپێشەوەن و بەزیندوویی دەمێننەوە .
لەدەڤەرە فراوان و بەرینەکەى بادینان دا لە بوارى هونەرى لاوک و سترانى ڕەسەندا، (زاخۆ) لەوبوارەدا پێشەنگە، لەبەرئەوەى خاوەنى چەندین هونەرمەندى دەنگ زوڵاڵ و ژەنیار و ئاواز دانەر و هۆزانڤانە، هەروەها بۆتە یەکەم پێگەو پشوودانى ئەو هونەرمەندانەى لەباکوورى کوردستانەوە بەتایبەت لەجزیر و بۆتانەوە سۆز و خۆشەویستى و زیندوو مانەوەى لاوک و ستران هەڵیگرتوون و لەزاخۆى دەلالەوە زیاتر گەشەیان بەهونەرەکەیان دا.
هەرکاتێک ناوى زاخۆ دێتە بەرگوێمان، بێگومان ناو و دەنگ و هونەری هەردوو هونەرمەند (ئه‌یاز زاخۆیی 1960 _ 20/1/1986) و ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی 1/7/1957_ شه‌وی 28له‌سه‌ر29/1/1986 له‌به‌غدا سه‌رنگوم ده‌كرێت.
بەدەنگە خۆشەکەیان خۆیان دەئاخننە ناو گوێچکەو ڕۆح و هەستمانەوە، بەڵام لەپشتى کار‌و تێکۆشانە هونەرییەکانى هەردوو هونەرمەندى کۆچکردوو ( ئەیازو ئەردەوان) دەست و پەنجەو هەست و سۆز‌و ڕۆحێکى کوردپەروەرانە، وێڵ و شەیدا بەدواى ڕەسەنایەتى لەئاواز و هۆنراوەى کوردی‌دا و پاڵپشت و یارمەتیدەرى سەرخستنى هونەرى موزیک و ستران و لاوک، بوونى هەیە ئەویش هۆزانڤان و ئاوازدانەر ( عەبدولعەزیز سڵێمانه).
هونەرمەند عەبدولعەزیز سڵێمان یەکێک لەدیارترین و کۆڵەکە پتەو بەرزەکەى ئاوازدان و هۆزانڤانى دەڤەرى بادینان و زاخۆى دەلالە، لەسیما و ڕووخسارى ئەو هونەرمەندە دا نیگەرانى و گلەیی و گازاندە بەدى دەکرێت ، ئەویش لەبەرامبەر بارەتەقاى مێژووى تێکۆشانى وەڵامى ئەو هەموو دڵسۆزیی و خەمخۆریی و پێشکەوتنەى لەڕەوتى هونەریی لەزاخۆ دا وەڵام نەدراوەتەوە ، بەپێویستم زانى لەشارەکەى بابانەوە وەک وەفایەک چەند وشەیەک دەربارەى ئەو کەسایەتە دڵسۆز‌و خەمخۆرەى شارى زاخۆ بنووسین و یادێکى لێبکەینەوە.
هونەرمەند عەبدولعەزیز سلێمان و مێژووى ژیانى هونەریی ..!
عەبدولعەزیز سڵێمان یاسین ، لەڕێی هونەرى ئاوازدانان و هۆنراوە و تێکۆشانە هونەرییەکانى زیاتر بە ( عەبدولعەزیز سڵێمان) ناسراوە ، لەساڵى (1946) لەگەڕەکى ( جوولەکان) ى شارى زاخۆ ، لەخانەوادەیەکى هەژار و کەم دەرامەت چاوى بە گەرمى و ساردییەکانى ژیان هەڵهێناوە ، هەرچەندە خودى هونەرمەند سەرنجى لەسەر ساڵى بەدنیاهاتنەکەى هەیە و ئاماژە بەساڵى (1948) دەدات ، واتە باوکى لەکاتى دەرهێنانى ناسنامەى بارى کەسێتى دا دووساڵ تەمەنى گەورەتر نووسیوە..!
قۆناغى خوێندنى سەرەتایی هەرلە زێدەکەى بووە بەناوى ( زاخۆى ئوللا) ، دواتر قۆناغەکانى ناوەندى و ئامادەیى بەشى ( وێژە) ى بە کۆى نمرەى (89%) لە باژێڕى زاخۆ تەواو کردووە، لەو تەمەنە لاوییەدا حەزو ئارەزووى بووە بچێتە (کۆلیژى پۆلیس) و لەدواڕۆژدا ببێتە (ئەفسەرى پۆلیس) ، بەداخەوە لەبەر دووهۆکار خەونەکەى نایەتەدى .
یەکەم : لەبەرئەوەى پشتگیرى یەکێتى قوتابیانى حیزبى بەعسى نەبووە ،واتە بەعسى نەبووە .
دووەمیش : تاوانە گەورەکەى ئەوەبووە کە لەنەتەوەى (کوردە) ؟! .
دواتر بەدڵ شکاوى ڕوودەکاتە شارى ( موسڵ) لەیەکەم خولى پێگەیاندنى مامۆستایان وەردەگیرێت، پاشان دەبێتە مامۆستاى سەرەتایی و لەگوندى (گەورک) ى سەربەزاخۆ دادەمەزرێت و ئەرکى پەروەردەو فێرکردنى قوتابیان لەئەستۆ دەگرێت.
چرۆکردنى هەستى هونەریی و دۆزینەوەى ئەوە بەهرەیە لە هونەرمەند عەبدولعەزیز سلێمان دا ..!
سەرەتا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەوڵەمەندى دەڤەرى زاخۆ لەبوارى لاوک و ستران و بوونى دەنگخۆشانى ناوچەکە ، هونەرمەند لەژێر کاریگەریی ناوچەکەیدا و بنەماڵەکەیدا بووە، هەردوو ( خاڵەکەى) یەکێک بوون لە دەنگخۆشانى ناوچەکە و بەدەنگە بەسۆزەکانیان لاوکیان چڕیوە، خاڵەکانى دەنگخۆشانى دیارى ناوچەکە بوون ( تاهیر و حوسێن سەعید عەبۆ ) ، تاهیر سەعید عەبۆى خاڵى بەلاوکى ( شەمسى خان و گولێ) بەناوبانگ بووە ، ئەوەش ڕۆشنە ئەو دوو خاڵەى ئەو بەهرەى دەنگخۆشییەیان لەلایەن باب و باپیرانیانەوە بەمیرات بۆماوەتەوە چونکە باژێڕى زاخۆ هاوسێ و نزیکى دەڤەرى ( جزیر و بۆتان) بووە، پەیوەندى و هاتوچۆ و لەنێوان ئەو سنوورە دەستکردەى باکوور و باشوورى کوردستاندا هەبووە، لەسەرەتاى سییەکانى سەدەى پێشوو هەردوو هونەرمەندى ناودارى لاوک و سترانى کوردى (محه‌مه‌د عارف جزيرى 1912جزيرهو بۆتان _ 17/12/1986 دهۆك ) و (حه‌سه‌نى جزيرى 1917جزير و بۆتان _ 9/7/1983 زاخۆ) ڕوودەکەنە باشوورى کوردستان و یەکەم پێگەیان زاخۆ بووە ، ماوەیەکى زۆر هونەرمەند حەسەنى جزیرى لەماڵى باپیرى هونەرمەند عەبدولعەزیز سلێمان دا دەمێنێتەوە.
هەروەها کاتێک هونەرمەند لەقۆناغى سێی سەرەتایی دا دەبێت ، لەلایەن مامۆستایەکى کریستیانەوە بەناوى ( فازیل) ئەو توانا‌و بەهرەى دەنگخۆشییە لە هەست و سۆزى عەبدولعەزیزدا دەدۆزێتەوە.
عەبدولعەزیز سڵێمان دواى هاندان و پشتگیرى مامۆستاکەیی و خانەوادەکەى ، هونەریی ستران و لاوک لەگەڵ ڕۆح و هەستى دا ئاوێتە دەبێت و زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەرى دەنگى بەسۆزیی هەردوو هونەرمەند ( محەمەد عارف جزیرى) و( ته‌حسین ته‌ها 25/10/1941 ئامێدی _ 28/5/1995 هۆڵه‌ندا) ، کاریگەرى ئەو دوو دەنگە خۆشەى هەردوو هونەرمەند دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەنگاونانى بۆ‌نێو دنیاى هونەری ئاواز و ستران و هۆزان.
هونەرمەند سەرەڕاى جێبەجێکردنى ئەرکى مامۆستایەتییەکەى بەڵام دنیاى هونەریی فەرامۆش نەکردووە و هەمیشە مەبەستى بووە زیاتر خزمەت بەوبوارە و بەتایبەت هونەریی موزیک لەباژێڕى زاخۆ و ناوچەکە بکات.
له‌دوای به‌یاننامه‌ی( 11ی ئاداری ساڵی 1970) كۆمه‌ڵه گه‌نجێكی پڕ به‌هره و دڵسۆز بۆ شاری زاخۆ و هونه‌ری ده‌ڤه‌ره‌كه ، تیپێكی مۆسیقا دادمەزرێنن ناوی ده‌نێن ( تیپی مۆسیقای نه‌ورۆز) ، هونەرمەند عەبدولعەزیز یەکێک بووە لەدەستەى دامەزرێنەرى تیپى مۆسیقاى ناوبراو .
هونه‌رمه‌ند دەربارەى تیپی مۆسیقای نه‌ورۆز و هونەرمەندانى تیپەکە دەڵێت (لەساڵى (1970) یەکەم تیپى مۆسیقا لەزاخۆ من دروستم کردووە بەناوى ( نەورۆز) ئەندامەکانى بریتى بوون لە (عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان _ عوود ژەن) ، ( سەباح زاخۆیی _ تەپڵ کوت) ،( سه‌میر زاخۆیی _ کەمان ژەن) ، (غائیب عه‌بدولهادی شینۆ _ بوزوک ژەن) ، ( موشێ پۆڵص _ دەفسنجار کوت ) ،( سەلمان نەجم زاخۆیی _ نایژەن) ، لەئاهەنگەکانى تیپى نەورۆز دا من گۆرانیم دەگووت ، سەمیر زاخۆیی عوودى لێدەدا و من کەمان ، ئەوکاتانەش کە من گۆرانیم دەگووت و عودیشم لێدەدا ، سەمیر زاخۆیی کەمان ، به‌شداریمان له‌چه‌ندین ئاهه‌نگی نیشتمانی له زاخۆ، له ئاكرێ و له شنگال كرد.
كار و چالاكیە هونه‌رییەکانى تیپی مۆسیقای نه‌ورۆز له‌ساڵی (1970) وه به‌رده‌وام ده‌بێت تا به‌هاری ساڵی(1974) ، له‌وساڵه‌دا به‌هۆی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌تی عێراق له ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی 11ی ئاداری 1970، هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ، هه‌موو چین و توێژه‌كانی گه‌لی كورد بەگشتى و هونەرمەندانیش وەک ئەرکێکى نیشتمانى و نەتەوەیی چوونە به‌ره‌ی شۆڕشه ڕه‌واكه‌یان و پشتیوانیان لەشۆڕشى ڕزگاریخوازى گەلەکەیان کرد.
هونەرمەند عەبدولعەزیز دەبێتە پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول ، لەو کاتەدا بۆمەبەستى بەرگریکردن و پشتیوانى لە هێزوو بازووى پێشمەرگە ، سروودێک بۆ هونەرمەند( ڕەمەزان زاخۆیی) دادەنێت.
لەناو شۆڕشدا لەئێزگەى دەنگى کوردستان عەبدولعەزیز سلێمان دەبێتە وەرگێڕى زمانى ئینگلیزى بەردەوام دەبێت تا ڕێکەوتى ( 4/11/1974) ئەرکێکى دیکەى پێدەسپێردرێت و دەبێتە ئەندامى لیژنەى پەناهەندەکان بۆناو ئۆردوگاکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران .
لەسەرەتاى وەرزى هاوینى ساڵى (1974) هونەرمەندانى شارەکانى کوردستان لەژێرسایەى شۆڕش و لەناوچە ئازادکراوەکان تیپى مۆسیقا و شانۆ دادەمەزرێنن و ناوى دەنێن ( تیپى مۆسیقا و شانۆى شۆڕش) ، بە دەست و پەنجەو هەست و هەڵوێستى هونەرمەندانى ژەنیار و گەرووى بەسۆزى هونەرمەندانى گۆرانیبێژ تیپى مۆسیقاى شۆڕش خەمخۆرانە چەندین سروود و گۆرانى تۆماردەکەن.
دواتر تیپى ناوبراو بەمەبەستى بەرزکردنەوەى وورەى ئەو خەڵکە ئاوارەیەى باشوورى کوردستان کەلەئۆردوگاکاندا نیشتەجێ کرابوون، تیپى مۆسیقاى شۆڕش گەشتێکى هونەریی بۆ هەموو ئۆردوگاکان ئەنجام دەدەن ، یەکێک لەو گەشت و ئەنجامدانى چالاکییە هونەرییانە لەئۆردوگاى ( بابەک) بووە ،( لەئۆردوگاى بابەک لەیەکێک لەبەرهەمەکانى ( ڕەمەزان زاخۆیی) لەگەڵ تیپى مۆسیقاى شۆڕش هاتمە سەرشانۆ و بووم بەکۆرس.
بەپیلانى نێودەوڵەتى دژ بە شۆڕشى ئەیلوول و لەبەرژەوەندى حکومەتى عێراقى ئەوسەردەمە لەڕێکەوتى (6/3/1975) هەرەس بەشۆڕش هێنراو و ساڵى (1975) لەمێژووى کورددا بەساڵى نسکۆى شۆڕش ناوبراوە ، بەبڕیارى حیزبى بەعس ئەو ئاوارانەى لەئۆردوگاکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران دا بوون کە گەڕانەوە زۆرینەیان دوورخرانەوە بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق .
هونەرمەند عەبدولعەزیز سلێمان و خانەوادەکەى ، یەکێک بوون لەو هەزاران قوربانییەى لەئاو و خاک و نیشتمان و زێدەکانیان بێ بەشکران و دوورخرانەوە بۆ شارى ( ڕومادى) ، ئەم پێشمەرگەو هونەرمەند و شاعیرە هەست ناسکە لەساڵى (1975 تا 1990) واتە ماوەى ( 15) ساڵ دوور خراوەتەوە ،یەکێک لەجوانى و سەروەرییەکانى ئەو هونەرمەندانەى هەمیشە لەبەرەى گەلە داگیرکراو و چەوساوەکەیاندبوون هەڵنەخلیسکاون بەرەو بەرەى دوژمن، لەژێر هەر ستەم و فشارێکى دەروونى دا بووبێتن ، ئەوساتە زیاتر تێکۆشاون و ڕقى تۆڵەسەندنەوە لەهەست و ناخیاندا پەرەى سەندووە،
لەو ماوەیەى لە (ڕومادى) ژیاوە ، دەستەوەستان نەبووە بەهەرشێوەیەک بووە خۆى گەیاندۆتە ( پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى بەغداد) خوێندوویەتى تا بڕوانامەى لەبەشى مۆسیقا وەرگرتووە.
عەبدولعەزیز سلێمان خاوەنى دەنگێکى خۆشەو کاتێک ئەندامى تیپى مۆسیقاى نەورۆز بووە لە ئاهەنگەکاندا گۆرانیشى خوێندووە، بەڵام دواتر لەگۆرانى خوێندن دوورکەوتۆتەوە و خۆى لەدنیاى موزیک و دانانى ئاواز و نووسینى هۆنراوەى گۆرانیدا بینیوەتەوە ، بەڵام دەبێت بۆ لەگۆرانی گووتن دوورکەوتبێتەوە ( کاتێک هەستم کرد کەسانى دیکەى دەنگخۆشتر لەمن هەیە ، لەلام زۆر ئاسایی بوو و بڕیارم دا ئاوازەکانم بدەم بەوان بیخوێنن.
هونەرمەند عەبدولعەزیز سڵێمان خاوەنى دەیان ئاواز و هەڵبەستى گۆرانییە، هۆنراوە و ئاوازەکانى لەلایەن هونەرمەندانەوە خوێندراوون ، هەردوو هونەرمەندى جوانەمەرگ ( ئەیاز و ئەردەوان) پشکى شێریان بەردەکەوێت ، دەربارەى هەردوو هونەرمەندى جوانەمەرگ و دانانى ئاواز هونەرمەند عەبولعەزیز سڵێمان دەڵێت ، ئەردەوان و ئەیاز هەردوو هونەرمەند ئەوە چەندین ساڵە لەژیاندا نەماوون ، کەچى تائەمڕۆ خەڵک بەپەرۆشەوە گوێ بۆ ستران و بەرهەمەکانیان ڕادەدێرن بۆ ؟ لەبەرئەوەى گۆرانییەکانیان ڕەسەن بوون ، ئەگەر ئاوازیش نەزانم ، دەڕۆم سوود لەدەیان جۆر لاوک و حەیرانۆک و گۆرانى جۆراو جۆرى ڕەسەنى خۆمان وەردەگرم و ئاوازى نوێی لێ دروست دەکەم ! بۆئەوەى تام و بۆى کوردى لێبێت و کوردان گوێی لێ بگرن لەجیاتى ئەوەى بچم کۆپى ئاوازى میللەتانى تر بکەم ،کەسێک بەهرەدار و بەڕاستى ئاوازدانەر بێت ، یان بەرهەمى خۆى نیشان بدات بۆچى دەچێ لەکولتوور و رۆشنبیرى میللەتێکى دى وەریان دەگرێت .
دەربارەى ئەو ئاوازانەى داویەتى بەهونەرمەندان دبێژێت ( ئاوازم بۆ گەلێ گۆرانیبێژ داناوە ، لەوانە سەرەتا : بەشار زاخۆیی ، سەمیر زاخۆیی ، ئەیاز زاخۆیی، ئەردەوان زاخۆیی ، شوان پەروەر گۆرانى ( کەو بخوێنە ، ئەزم ئەزم کوردستانم ئەز کوردم ) ، گوڵستان پەروەر ، فاتێ بەناوى ( چواربراى کورد لەدهۆک) ، دڵنیا قەرەداخى ، وەلید دۆسکى ، گوڵبەهار ، شاکر ئاکرەیی ، حاجى زاخۆیی، عەبدولقەهار زاخۆیی، دلشاد زاخۆیی، ئیسماعیل جومعە ، سەلام یوسف ، هەڤاڵ ئیبراهیم ، عەزیز بەدرە ، پەریهات کچێکى ئێزیدى یە گۆرانیەکە بەناوى ( ئەزم کچى گوندى) و کاروان ئیبراهیم و دەیانى تر .
هونەرمەند چەند هۆنراوە ئاوازێکى بۆ شار و شارۆچکەکانى کوردستان داناوە ، لەبەرئەوەى هونەرمەندێک بووە تەواوى کوردستانى خۆشویستووە و هەمیشە بەئاواتى ئەو ڕۆژەیە سەربەخۆیی و ئازادى کوردستان بەچاوەکانى ببینێت، دوو لەو هۆنراوە و میلۆدییانەى هونەرمەند بۆ شارەکانى ڕواندز و ئاکرێی نووسیوە.
گۆرانى (ڕواندز) و خوێندنى هونەرمەند ( ولى دۆسکى ) ..!
ڕواندز یەکێکە لەشاکارە جوان و شیرینەکانى هونەرمەند (وەلى دۆسکى) بەدەنگە زولاڵەکەى خوێندوویەتى و بەشێوەیەکى بەرچاو لەناو هەوادارانى دەنگ و ئاوازى ڕەسەنى کوردى جێی گرت ، میلۆدى و تێکستى (ڕواندز) هونەرمەند و شاعیر و ئاواز دانەر عەبدولعەزیز سلێمان خاوەنیەتى ، لێرەدا ئەو پرسیارە بەرجەستە دەبێت ، عەبدولعەزیز سڵێمان دەبێت شارى ڕواندزى دیبێت ؟ یان تێیدا ژیابێت ..! ئاوا بەوشێوەیە خوێندنەوەى بۆ کردووە و ئەو شیعرە جوان و شیرینەى کردۆتە گەردەنى بەرزى شارى ڕواندز ؟ ! .
دڵنیابن چیرۆکێک لەپشت نووسینى هۆنراوەکەو میلۆدییەکەوە هەیە ،ئاوا بەوشێوەیە لەناخى عەبدولعەزیز سڵێمانەوە هەڵقوڵابێت لەکاتێکدا کە دوور خراوەتەوە لەنێو فەرهەنگ و کەلتوورێکى دیکەدا دەژى کە نامۆیە بەهەست و سۆز و هزرى ئەو..!
بۆئەو مەبەستە پەیوەندیم بەهونەرمەند (وەلى دۆسکى ) یەوە کردوو و بەوشێوەیە چۆنیەتى سەرهەڵدانى تێکست و ئاواز و تۆمارکردنى گۆرانییەکەى خستە ڕوو ،
( دواى ئەوەى لەمانگى 8 ى ساڵى 1983 گۆرانى ( كۆچهرێ ) م لەگەڵ هونەرمەندانى تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره له‌ڕواندز تۆمارکرد، بەشێوەیەکى بەربڵاو کەوتە بەرگوێی بیسەران، سەیدا عەبدولعەزیز سڵێمان لەڕێی ڕادیۆى کوردى بەغداوە گوێبیستى دەنگ و تێکست و ئاوازى کۆچەرێ بووە.
له ڕێكه‌وتی ( 19/5/1987) ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ری دژ بەدەسەڵاتى بەعس له‌شاری ڕواندز به‌رپابوو، ئەو دەسەڵاتە فاشسیتە به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌وته گیانی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و قاره‌مانی ڕواندز، بەداخەوە به‌شه‌هیدكردن و ده‌ستگیركردن و ڕاوەدوونانى هاوڵاتیانی ئه‌و شاره كۆتایی به‌و ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه هات، ئه‌م هه‌واڵه به‌گشت كوردستاندا بڵاو بۆوه و ته‌نانه‌ت گه‌یشته شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق .
سەیدا ( عه‌بدولعه‌زیز سڵیمان زاخۆیی ) شاعیر و ئاوازدانەر له‌و كاته‌دا له‌زێدی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه و له‌شاری ( ڕومادی) نیشته‌جێ بووه ، به‌هۆی كه‌سێكی ڕواندزی یه‌وه کە هاوسێ ماڵى بووه ، ئه‌و هه‌واڵه ده‌بیستێ و سۆزی غوربه‌ت بۆ زێد و نیشتمانه‌كه‌ی ، له‌و كاته‌دا له‌به‌شێكی نیشتمانه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و به‌رخوردانه ، ئه‌و هه‌واڵ و ئه‌و هه‌سته ده‌بێته هه‌وێنی دانانی هۆنراوه‌یه‌ك بۆ شاره‌كه‌ی ڕواندز، سەیدا عەبدولعەزیز لەو هاوسێ ماڵەى دەربارەى پێکهاتەو جوگرافیاى شارى ڕواندز دەپرسێ ، ئەویش چونکە خەڵکى ڕواندز بووە ، نەخشەى ڕواندزى بۆدەکێشێ و زانیارى دەربارەى چیاکانى دەوروبەرى و ڕووبار و بەرزاییەکانى ڕواندزى پێدەدات .
ئەوشەوە سەیدا ناخەوێت و لەگەڵ جوانى و سەرکەشیی و دڵڕفێنى ڕواندزدا ڕۆژ دەکاتەوە و ئەو شیعر‌و ئاوازە لەدایک دەبێت ،،، شیعرەکە بەوشێوەیە دەست پێدەکات :
(ڕواندز جاناجان شارێ پاشایی کور
باژێرى خۆش میرا
دەلالى سیفاسور
بیر‌و دکە تە گازى خەرەندى
یارامن کوڕەک و هەندرێن
نوبە دارن ل دوور
ئەى گەلى
هەڤاڵا ڕواندزى ببینە
پڕ چیمەن و باغن
بەهەشتە شیرینە )
له‌گه‌ڵ ته‌واوكردنی هۆنراوه‌كه‌ی ڕواندز ، له‌سه‌ر كاسێتێك سەیدا عەبدولعەزیز به‌ده‌نگى خۆى تۆماری ده‌كات و ئاوازه‌كه‌ش خۆی دایده‌نێت و ده‌ینێرێته‌وه بۆ ڕواندز و له‌كۆتایی كاسێته‌كه‌دا، دەڵێت به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌م هۆنراوه و ئاوازه به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ( وه‌لی دۆسكی ) بخوێندرێت ..!
ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌گاته ڕواندز ، تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره كۆده‌بنه‌وه‌و دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه بۆ تێكست و میلۆدییه‌كه به‌كۆی ده‌نگ بڕیار له‌سه‌ر تۆماركردنی ده‌ده‌ن ، هونه‌رمه‌ند (چه‌تۆ نه‌ورۆز) ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی و دواتر به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی تیپ به‌رهه‌می (ڕواندز) تۆمارده‌كرێت .
به‌رله‌وه‌ی گۆرانى ڕواندز له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا بڵاوبكرێته‌وه ، له‌ڕادیۆكانی شۆڕشی كوردستانه‌وه له‌هه‌ردوو ڕادیۆی ( ده‌نگی كوردستان و ده‌نگی گه‌لی كوردستان ) ه‌وه بڵاوكراوه‌یه‌وه، سوپاس بۆ شاعیر سه‌یدا عه‌بدلعه‌زیز سڵێمان زاخۆیی دواتر هەندێک گۆرانى دیکەى بۆناردم و ئەوانیش تۆمارکران .
گوڵبژێرێک لە تێکست و ئاوازانەى هونەرمەند عەبدولعەزیز سلێمان ...!
وەک پێشتر ئاماژەم بەناوى ئەو هونەرمەندانە دا بوو کە عەبدولعەزیز سڵێمان بەهەستە جوانە شاعیرانەکەیی و هونەرییەکەى هاوکارى ئەو هونەرمەندانەى کردووە هۆزان و میلۆدى پێداوون، زۆر لەو تێکست و میلۆدییانە بوونەتە وێردى سەرزارى هەواداران و بیسەرانى دەنگى ئەو هونەرمەندانە ، هونەرمەند ( سەمیر زاخۆیی 1949 زاخۆ) دەربارەى یەکێک لەو هۆزانانەى سەیدا عەبدولعەزیز دبێژێت ( ئه‌و سترانه‌ی یه‌كه‌م جار خوێندم ئاوازه‌كه‌ی هی خۆم بوو، هۆزانهكهی هی مامۆستا (عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان) بوو، ئه‌و ئاوازه به‌رله‌وه‌ی بیخوێنم سه‌ره‌تا بۆ مامۆستا ته‌حسین ته‌هام خوێند و دواتر بۆ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند، زۆریان به‌دڵ بوو .
دوای ماوه‌یه‌ك سەیدا عه‌بدولعه‌زیز سلێمانم بینی ، وتی هۆزانێكم داناوه بۆ دووقۆڵی ده‌بێت چونكه ئاخاوتنی نێوان (شڤان و بێری) یە، منیش هۆزانهكهم لێوه‌رگرت، ئاوازم له‌سه‌ردانا، لهچهندبۆنهیهكدابههاوكاری چه‌ند ده‌نگی جیاواز ئه‌و سترانهم خوێند، تا ڕۆژێك له‌گه‌ڵ خانمە هونەرمەند ( گوڵبه‌هار 1933_23/2/2010)باسی ئه‌و سترانهم بۆكردو ئاوازه‌كه‌م بۆخوێند زۆری پێ‌خۆش‌بوو، ڕه‌زامه‌ندی دا كه‌پێكه‌وه بیخوێنین، ئه‌و سترانهمان له‌ڕادیۆی كوردی بهغدالهساڵی (1972) پێكه‌وه خوێند و به‌وشێوه‌یه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه په‌سه‌ندكرا.
چەند هۆزان و میلۆدییەک کەبەدەنگى هونەرمەندى جوانەمەرگ ( ئەیاز زاخۆیی) یەوە خوێندراوون و لەئەرشیفى هونەر و موزیک و ئاوازى کوردی‌دا بەنەمرى ماونەتەوە وەک :
1/ لاندك ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
2/ به‌س خۆ گرانكه ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
3/ بسكێته زراڤن ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
4/ دێ بهه‌ژینه ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
5/ گۆڤه‌ند ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
6/ نه‌ورۆز هات ب گول و ڕێحان ، له‌تێكستی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان)ه ئه‌و سترانه له‌یه‌كه‌م ساتی بڵیسه‌ی ئاگری نه‌ورۆزدا ده‌بێته وێردی سه‌رزاری كیژان و كوڕان و لاوانی خوێن گه‌رمی وڵات له‌هه‌موو لایه‌كی وڵاته‌وه ده‌نگ ده‌داته‌وه(9).
دواى گەڕانەوەى بۆ زێدەکەى پاش بەسەربردنى چەندین ساڵ دوورخرانەوە بەزۆرەملێ لە ناوەڕاستى عێراق ، بەهەست و گوڕ‌و تینێکى زۆرەوە دەگەڕێتەوە زاخۆى دەلال ، لەساڵى (1994) تیپى دووەمى مۆسیقا لەزاخۆ دادەمەزرێنێ بەناوى ( تیپى مۆسیقاى زاخۆ) ، ئەو تیپە بەفەرمى مۆڵەتى کارکردن لەوەزارەتى ڕ‌ۆشنبیرى وەردەگرن و هەرچوار لقەکەى هونەرى تێداکۆکردۆتەوە وەک ( شانۆ ، شێوەکار ، موزیک و هونەرى میللى) .
هونەرمەند عەبدولعەزیز سڵێمان ماوەى سێ ساڵ لە بەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکانى دهۆک وە بەڕێوەبەر خزمەتى کردووە ،
لەکەناڵى ( کوردستان TV) بۆماوەى سێ ساڵ پێشکەشکار و ئامادەکارى بەرنامەى ( گۆڤەند و دیلان) بووە.
لەگەڵ ئەو هەموو ئەرکانەى شانى داوەتە بەر ، بەرنامەیەکى ڕادیۆیی هەبووە لەڕادیۆى (هیزل) ى زاخۆ بەناوى ( لاندک) .
سەیدا عەبدولعەزیز ئەندامى یەکێتى نووسەرانى کورد لقى دهۆکە و لەماوەى ژیانیدا (6) کتێبى لەبوارى هۆزان و هونەردا چاپ و بڵاوکردۆتەوە وەک :
کتێبى ( زنار و وڵات و چیا ، ساڵى 2002) ،( داستانى مێژووى کورد ، ساڵى 2004) و ( ئارین ، ساڵى 2000) و ..هتد
هەروەها وەک نووسەرو شاعیرێکى خەمخۆر بۆ زمان و فەرهەنگ و کەلتوور و هونەرى نەتەوەکەى لەگۆڤار و ڕۆژنامەکانى وەک ( هیزل ، هونەر و پەیڤ ) دا بابەتى بڵاوکردۆتەوە.
هونەرمەند و ئاوازدانەر عەبدولعەزیز سلێمان ، لەبارى کۆمەڵایەتیەوە هاوسەرگیرى کردووە و خاوەنى ( 4 کچ و پێنج کوڕ ) ە ، کوڕە گەورەکەى بەناوى ( شڤان) لە ( ئەڵمانیا) دەژى و لەبوارى هونەرى موزیک‌دا کاردەکات و ژەنیارێکى بەتواناى ئامێرى ( ڤیۆلۆن) ە، شڤانى کوڕى لەگەڵ گرووپێکى موزیک‌دا کە پێکهاتووە لە کوردى باکوور ، ڕۆژهەڵات و باشوور و ژەنیارى ئەڵمانى کاردەکات .
هونەرمەند عەبدولعەزیز سلێمان لەئێستادا لەشارى زاخۆى دەلال ڕۆژەکانى ژیانى بەڕێ دەکات ، هیواى تەندروست باشیی و تەمەندارى و پڕ بەرهەمترى بۆ دەخوازین و سڵاو لەمێژووى پڕ بەخشش و لێوان‌لێو لەخەمخۆریی و دڵسۆزیی بۆ شیعر و هونەرى ئاواز و سترانى نەتەوەکەى .
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک ) 6/6/2026 سلێمانى .
سەرچاوە:
عەبدولعەزیز سڵێمان ، کتێبى (خۆم و ئەستێرە گەشەکان ) نووسین و ئامادەکردنى ( نەجمەدین عەزیز سمایل ) بەرگى پێنجەم ، لاپەڕە (359).
(1 و 2 و 3 و 4 و 5 و 6 ) چاوپێکەزتن لەگەڵ هونەرمەند ( عەبدولعەزیز سڵێمان) دیمانە : وریا ئەحمەد ، گۆڤارى (چلاواز) ژمارە(30) خەرمانانى (2708) ،، ئابى (2008) لاپەڕە(43). مامۆستا وریا ئەحمەد نووسویەتى ( ئەم چاوپێکەوتنە لەرۆژى چوارشەممە لە (6/8/2008) لەشارى هەولێر ئەنجام دراوە .
پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هونەرمەندى دەنگخۆش و ئازیز ( وەلى دۆسکى) لەرێکەوتى ( 25/2/2026) ( سلێمانى _ ڕواندز) ، هەروەها دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ،به‌رنامه‌ی دیوه‌خانی كوردهواری ،كه‌ناڵی لۆكاڵی فۆلكلۆر ( 6/11/2020)
به‌رنامه‌ی گۆرانییه‌كی تۆ ، سهمیرزاخۆیی ، ئامادهوپێشكهشكردنی ( شوان تالیب) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس (2014) .
كتێبی په‌لكه زێڕینه ، هه‌ڵچنین و گوڵبژێرێك له‌ئاواز و گۆرانی ڕه‌سه‌ن و ژیانی هونه‌رمه‌ندان ،،ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند مه‌جید خۆشناو ، لاپه‌ڕه (131).


کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.