Erbil 31°C چوارشەممە 10 حوزەیران 20:57

سۆنی ڕۆڵینز "زەبەلاحی ساکسەفۆن" لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

Kurdistan Ahmed
100%

سۆنی ڕۆڵینز، یەکێک لە گەورەترین عازفەکانی ساکسەفۆن و دوایین نوێنەری سەردەمی زێڕینی مۆسیقای جاز، لە تەمەنی 95 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە وودستۆکی نیویۆرک کۆچی دوایی کرد، ئەمەش وەک کۆتاییهاتنی قۆناغێکی گرنگی مێژووی مۆسیقا لە جیهاندا دەبینرێت.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی لە پەڕەی فەرمی ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاوکراوەتەوە، سۆنی ڕۆڵینز کە بە "زەبەلاحی ساکسەفۆن" ناسرابوو، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە کۆچی دوایی کردووە، بەبێ ئەوەی هۆکاری سەرەکی مردنەکەی دیاری بکرێت. ڕۆڵینز کە ئەم نازناوەی لە ئەلبوومە بەناوبانگەکەی ساڵی 1956ـەوە وەرگرتبوو، بە یەکێک لە داهێنەرترین مۆسیقاژەنەکانی چەشنی "هارد پۆپ" ئەژمار دەکرێت، کە شێوازێکی ئازادی مۆسیقای جازە و تێیدا مۆسیقاژەن لە یاسا تەقلیدییەکان ڕزگاری دەبێت، بەمەش ناوی خۆی لە تەک گەورەترین ئەفسانەکانی مۆسیقای جاز وەک چارڵی پارکەر، کۆڵمان هۆکینز و جۆن کۆڵتریندا تۆمار کرد.

بە پێچەوانەی زۆرێک لە هونەرمەندانی سەردەمی زێڕینی جاز کە لە تەمەنێکی گەنجیدا گیانیان لەدەستدا، ڕۆڵینز توانی بۆ ماوەیەکی درێژ و پڕ لە بەرهەم لە کاروانە هونەرییەکەی بەردەوام بێت و تەنانەت دوای تێپەڕبوونی تەمەنی بەسەر 80 ساڵیشدا، هێشتا لە چالاکییە مۆسیقاییەکان دانەبڕا. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی دواییدا بەدەست کێشەی کۆئەندامی هەناسەوە دەیناڵاند و ناچار بوو ژمارەی کۆنسێرتەکانی کەم بکاتەوە، بەڵام هەمیشە وەک سیمبولێکی زیندووی داهێنان و نوێگەری لە مۆسیقای جازدا مایەوە و کۆچی دوایی ئەو بە لەدەستدانی دوایین نوێنەری ئەو نەوەیە دادەنرێت کە بنەماکانی مۆسیقای جازی هاوچەرخیان داڕشت.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.