دوا لیپای ئەستێرەی جیهانیی پۆپ و کالوم تۆرنەری ئەکتەر، لە مەراسیمێکی مەدەنی لە لەندەن هاوسەرگیرییان کرد و بڕیارە ئاهەنگێکی گەورەی 3 ڕۆژە لە دوورگەی سەقەلیەی ئیتاڵیا بەو بۆنەیەوە ساز بکەن.
میدیای بەریتانی وەک ڕۆژنامەی "دی سەن" و "دەیلی مەیل" بڵاویانکردەوە کە دوا لیپای تەمەن 30 ساڵ و کالوم تۆرنەری تەمەن 36 ساڵ، لە هۆڵی "ئۆڵد ماریلبۆن تاون" لە ناوەڕاستی لەندەن بە فەرمی بوونە هاوسەری یەکتر و وێنەی هەردوو ئەستێرەکە لە کاتی چوونە دەرەوەیان لە باڵەخانەی شارەوانی پایتەخت بڵاوکراوەتەوە کاتێک دەستی یەکتریان گرتبوو. ئاماژە بەوەش کراوە کە دوای ئەم مەراسیمە مەدەنییە، ئاهەنگێکی ڕازاوە و ڕاکێشەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە دوورگەی سەقەلیەی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت کە ماوەی 3 ڕۆژ دەخایەنێت و میوانێکی زۆر تێیدا ئامادە دەبن بۆ پیرۆزباییکردن لەم هاوسەرگیرییە نوێیەی جیهانی هونەر.
پەیوەندی سۆزداریی نێوان ئەم دوو ئەستێرەیە لە مانگی 1ـی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێکردووە و لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری "بریتیش ڤۆگ" لە مانگی 6ـی ساڵی 2025دا، دوا لیپا کە سەروەتەکەی بە 115 ملیۆن جونیەی ئەستەرلینی (نزیکەی 160 ملیۆن دۆلار) دەخەمڵێندرێت، دەستگیرانیی خۆی لەگەڵ تۆرنەر ڕاگەیاندبوو، کە تۆرنەر یەکێکە لە کاندیدە سەرەکییەکان بۆ ڕۆڵی جەیمس بۆند لە زنجیرە فیلمی داهاتوودا. دوا لیپا کە لە دایک و باوکێکی کۆسۆڤۆیی لە لەندەن لەدایکبووە، لە ساڵی 2016ـەوە بە گۆرانی "Be the One" ناوبانگی جیهانی پەیدا کرد و ئێستا یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی جیهانی موزیک کە کۆنسێرتەکانی هەزاران هەوادار لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە و ئەم هاوسەرگیرییەشی بووەتە جێی بایەخی میدیا جیهانییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.