موجتەبا خامنەیی، لە پەیامێکی ئاراستەکراو بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی، هۆشداری توندی دا لە بڵاوبوونەوەی نائومێدی و ڕەشبینی لە نێو کۆمەڵگەدا و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هەستانە ڕاستەوخۆ خزمەت بە ئەجێندای دوژمنان دەکەن بۆ لاوازکردنی ئێران لەم قۆناغە هەستیارەدا.
لە میانەی وتەکانیدا، موجتەبا خامنەیی ڕایگەیاند کە دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ستراتیژیی خۆیان گۆڕیوە بۆ لێدانی سەقامگیریی ناوخۆیی و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی نانەوەی تۆوی گومان و بێهیوایی، پەیوەندی نێوان گەل و دەسەڵات تێکبدەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر جۆرە ڕەشبینییەک بەرامبەر بە داهاتووی وڵات، دەرفەتێکی زێڕین بۆ نەیاران دەڕەخسێنێت تاوەکو پلانەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی جێبەجێ بکەن، بۆیە داوای لە هاووڵاتیان کرد کە ورەیان بەرز بێت و نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو جەنگە دەروونییەی کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە دژ بە ئێران لە ئارادایە.
خامنەیی زیاتر جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دوژمن بریتییە لە دروستکردنی درز و دابەشبوونی قووڵ لە نێو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیدا، تاکو لەو ڕێگەیەوە بەرەی ناوخۆیی لاواز بکەن و ڕێگە بۆ دەستوەردانی دەرەکی خۆش بکەن. ئەم پەیامە هۆشداریئامێزە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لە یادی 37 ساڵەی کۆچی دوایی خومەینیدایە و ڕووبەڕووی فشارە ئابووری و نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە، بۆیە داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە هەموو لایەنەکان کرد تاوەکو ڕێگری بکەن لە هەر جۆرە پیلانێک کە ئامانجی تێکدانی یەکپارچەیی و سەقامگیریی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامییە و نەیەڵن نەیاران سوود لە کەلێنە ناوخۆییەکان وەربگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.