Erbil 31°C دووشەممە 10 ئاب 03:25

ماركۆ ڕوبیۆ: رێككەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران لە ماوەی 72 کاتژمێردا ناكرێت

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرای كرد، كە ناتوانرێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ماوەی 72 کاتژمێردا ئەنجام بدرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو لێکتێگەیشتنەی ئێستا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری لەسەر دەکرێت، ئەم پرسە لە ئێستادا یەكلایی ناكاتەوە.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە پێش سەردانەكەی بۆ هیندستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ڕەنگە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا هەواڵی خۆشتان لەبارەی ئێرانەوە پێ بگات.

هەرچەندە تا ئێستا ئەمریکا هیچ وردەکارییەكی سەبارەت بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئێران ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ شەممە ئاشكرای كردبوو کە لەسەر 14 خاڵ رێككەوتوون بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ، لە هەمانكاتیشدا رێككەوتن كراوە پرسی ئەتۆمی دوابخرێت بۆ قۆناغەكانی دواتر کە لەنێوان 30 بۆ 60 ڕۆژ دەبێت.

ماركۆ ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەداوە: رێككەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران دواناخەین، بەڵام گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بابەتی زۆر تەکنیکین و ناتوانرێت پرسێکی ئاوا گرنگ لە ماوەی 72 کاتژمێردا یەكلایی بكرێتەوە.

جەختیشی کردەوە: هەڵوێستی ئەمریكا نەگۆڕاوە، سەرۆک ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، بەڵام واشنتۆن پێی باشە ئەمە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە مسۆگەر بکات.

گوتیشی: گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی ماوەیەکی دەوێت، بە دڵنیاییەوە ساڵانێک ناخایەنێت، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان پێویستمان بە هەندێک کاتی زیاتر دەبێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.