Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 14:24

 لە مەککە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە بۆ حاجییەکی کورد بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حاجییەکی خەڵکی شاری ڕانیە لە شاری مەککەی پیرۆز تووشی بارێکی تەندروستیی لەناکاو بووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە.

کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: "حاجییەکی کورد بە ناوی (مینە حاجی خدر) کە دانیشتووی شاری ڕانیەیە، بەهۆی تێکچوونی کتوپڕی باری تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی (نور) لە شاری مەککە کرا و دوای پشکنین، پزیشکان بڕیاریاندا نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی بۆ ئەنجام بدەن."

گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ئێستادا باری تەندروستیی حاجییەکە جێگیرە و لەژێر چاودێریی وردی پزیشک و بەرپرسانی نووسینگەکانی حەج و عومرەی ڕاپەڕین و هەڵەبجەدایە. جەختیشی کردەوە کە ئەمە یەکەمین حاڵەتی نەشتەرگەرییە لەنێوان حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ و بڕیارە دوای باشتربوونی باری تەندروستی، ناوبراو بگەرێتەوە شوێنی مانەوەی حاجیان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، کاروان ستونی دڵنیایی دایە کەسوکاری حاجیان و ڕایگەیاند، تەندروستیی سەرجەم حاجیانی هەرێمی کوردستان جێگیرە و تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆچی دوایی تۆمار نەکراوە، تیمە تەندروستییەکانیش بە بەردەوامی و ڕۆژانە چاودێریی حاجیان دەکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.