Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:36

بەتۆمەتی فرۆشتنی یەک ملیۆن جگەرەی قاچاخ کوردێک لە بەریتانیا زیندانی دەکريت

کوردستان TV
100%

دادگایەکی بەریتانیا سزای زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند، دوای ئەوەی دەستبەسەر گەورەترین بڕی جگەرە و توتنی نایاسایی و ساختەدا گیرا، کە لە مێژووی تیمەکانی چاودێری بازرگانی ئەو وڵاتەدا بڕی وا گەورە دەستبەسەردا نەگیراوە.

"ئیدریس ئەمین"ی تەمەن 32 ساڵ، لە لایەن دادگای "گڵۆستەر کراون"ەوە سزای 2 ساڵ و 4 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە ساڵی 2023دا، تیمەکانی چاودێری بازرگانی هەڵیانکوتایە سەر دوکانەکەی لە ناوچەی گڵۆستەر و بڕی 1 ملیۆن جگەرەی قاچاخیان دۆزییەوە.

جەیسۆن پوڵ، بەرپرسی چاودێری بازرگانی و پاراستنی بەکاربەر لە ناوچەکە ڕایگەیاند، ئەو بڕە جگەرەیەی دەستی بەسەردا گیراوە "10 هێندە زیاترە لەو بڕانەی کە پێشتر لە مێژووی کارەکانماندا دەستمان بەسەردا گرتووە". ئاماژەی بەوەش کرد کە جگەرەکان لەناو شوقەی تۆمەتبارەکە و چەند کۆگایەکی نهێنیدا حەشار درابوون.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تۆمەتبارەکە ناسنامەی ساختەی بەکارهێناوە بۆ بەکرێگرتنی دوکانەکەی لە ناوەندی شار و دوو کۆگای دیکە لە ناوچەی "کیدەرمینستەر". هەروەها پۆلیسی نهێنی بۆیان دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکە هەر کاتێک کڕیار داوای جگەرەی قاچاخی لێکردبێت، بە خێرایی چووەتە شوقەکەی خۆی لە بەرامبەر دوکانەکە و جگەرە نایاساییەکانی بۆ هێناون.

دادگا بڕیاری دا کە تۆمەتبار لانی کەم 11 مانگ لەناو زینداندا بمێنێتەوە پێش ئەوەی بڕیاری ئازادکردنی بە مەرج بۆ دەربچێت. بەرپرسانی چاودێری بازرگانیش جەختیان کردەوە کە ئەو جگەرانە بەهۆی ساختەکردنی نیشانە بازرگانییەکان و نەبوونی مەرجە تەندروستییەکانەوە، مەترسییەکی گەورە بوون بۆ سەر تەندروستی بەکاربەران.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.