ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، نابێت ئەنجومەنەکە لە بەرامبەر هەڕەشە ڕۆژانە و دووبارەبووەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بێدەنگ بێت.
ئیرەوانی لە گوتارەکەیدا کە تایبەت بوو بە "پاراستنی مەدەنییەکان لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا"، جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی خەڵکی سڤیل تەنیا پرسێکی مرۆیی نییە، بەڵکو پابەندییەکی یاساییە بەپێی پەیماننامەکانی جنێڤ و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا مەدەنییەکان و ژێرخانە نیشتمانییەکان لە غەززە، لوبنان و ئێران ڕووبەڕووی هێرشی ئەنقەست و سزای بەکۆمەڵ دەبنەوە.
نوێنەری ئێران باسی لەوە کرد، لە هێرشێکی "وەحشیانەدا" بۆ سەر قوتابخانەیەکی کچان لە شاری (میناب)، زیاتر لە 168 قوتابی بێتاوان گیانیان لەدەستداوە، گوتیشی: "ئەمە تەنیا زیانی لاوەکی نییە، بەڵکو تاوانی جەنگە."
هەروەها ڕەخنەی توندی لە ئەنجومەنی ئاسایش گرت و گوتی: "ئەنجومەنەکە لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی شکست هێناوە، چونکە یەکێک لە ئەندامە هەمیشەییەکان کە خۆی دەستدرێژیکارە، ڕێگری لە کارەکان دەکات."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، باڵیۆزی ئێران دووپاتی کردەوە کە هەموو هەنگاوەکانی تاران لە چوارچێوەی "مافی ڕەوای بەرگری لەخۆکردن"دا بووە و هەر هەوڵێک بۆ شێواندنی ئەم ڕاستییە، هەوڵێکی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. تاران داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگری بکات لەو هەڵوێستە "نایاساییانە" و لایەنە دەستدرێژیکارەکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.