دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەنیازی ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییە لەگەڵ "لای چینگ-تی" سەرۆکی تایوان. ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی بە شێوەیەکی چڕ تاوتوێی پرسی فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بەو دوورگە دیموکراسییە دەکات.
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "من لەگەڵ سەرۆکی تایوان قسە دەکەم، چونکە من لەگەڵ هەمووان قسە دەکەم." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەفتەی ڕابردوو لە کاتی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ پەکین، کۆبوونەوەیەکی "مەزن و گرنگ"ی لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین ئەنجامداوە و جەختی کردەوە کە ئیدارەکەی بە جیدی کار لەسەر دۆسیەی تایوان دەکات.
سەبارەت بە فرۆشتنی چەکی زیاتر بە تایوان، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئەم بابەتە تا ڕادەیەکی زۆر "بەستراوەتەوە بە هەڵوێستەکانی چین" و وەک "کارتێکی دانوستانی زۆر باش" بۆ واشنتن وەسفی کرد. ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەگەری هەیە ئیدارەی نوێی ئەمریکا پرسی تایوان وەک ئامرازێکی گوشار لە دانوستانە بازرگانی و سیاسییەکانیدا لەگەڵ پەکین بەکاربهێنێت.
تایوان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئەگەریی یان هەڕەشەیەکی سەربازی لەلایەن چینەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە پشتگیرییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا دەبەستێت. هاوکات حکومەتی تایوان لە لایەن واشنتنەوە لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانی و وەبەرهێنانی زیاتر لە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری پیشەسازیی بەرگری.
هەرچەندە بەپێی یاساکانی ئەمریکا، واشنتن پابەندە بە دابینکردنی کەرەستەی سەربازی پێویست بۆ ئەوەی تایوان بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام حکومەتی ئەمریکا تا ئێستاش سیاسەتی "ناڕوونی ستراتیژی" پەیڕەو دەکات و بە ڕوونی ڕاینەگەیاندووە کە ئایا لە ئەگەری هێرشی سەربازیی چین بۆ سەر تایپێ، سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکات یان نا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.