دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق (سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ ڕەسافە)، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان زەعیتەر عوبەیدی) دەرکرد، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانەکانی جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە گەلی کورد.
بەپێی دەقی بڕیارەکەی دادگا، تاوانبار "عەجاج ئەحمەد حەردان" بە سزای لەسێدارەدان (هەڵواسین تا مردن) سزادراوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دادگا سەلماندی تاوانباری ناوبراو بەشداربووە لە کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەدانی ١٠٦٨ هاووڵاتی کوردی ڕزگاربووی پڕۆسەکانی ئەنفال.
وردەکاریی تاوانەکان وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە:
قوربانییەکان: ١٠٦٨ کەس لە کوردانی ڕزگاربووی ئەنفال.
شوێنی تاوان: ناوچەی (نوگرە سەلمان).
جۆری تاوانەکان: کوشتنی بەکۆمەڵ، برسییکردن، ئەشکەنجەدان تا مردن، زیندەبەچاڵکردن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی دەستبەسەرکراو.
دادگا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تاوانکاری ڕێکخراودا ئەنجامدراون. بڕیارەکە بەپێی ماددەکانی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە و مافی تێهەڵچوونەوە (تمییز) بۆ سزادراوەکە پارێزراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.