ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند: هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" وەک "مەترسییەکی نزم" دەهێڵێتەوە. ئەم بڕیارەش لە کاتێکدایە کە ئەو کەشتییە گەشتیارییەی ڤایرۆسەکەی تێدا دەرکەوتووە، لە کەناراوەکانی وڵاتی هۆڵەندا نزیک دەبێتەوە.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "مەترسییەکانی سەر تەندروستی گشتی لەسەر بنەمای دوایین زانیارییە بەردەستەکان دووبارە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوەتەوە، و تا ئێستاش مەترسییە جیهانییەکان بە نزمی ماونەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "سەرەڕای ئەگەری سەرهەڵدانی حاڵەتی دیکەی تووشبوون لەنێوان سەرنشینان و تیمی کەشتییەکە پێش جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی کەرەنتینە، بەڵام پێشبینی دەکرێت مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە دوای دابەزینی سەرنشینەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی چاودێری ورد، ڕوو لە کەمبوونەوە بکات."
بەپێی زانیاریی بەرپرسان، چاوەڕوان دەکرێت کەشتی "MV Hondius" لە نێوان کاتژمێر 10:00ی بەیانی بۆ 12:00ی نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە بەندەری ڕۆتەردامی هۆڵەندا لەنگەر بگرێت. ئەمەش بە مەبەستی دابەزاندنی 27 سەرنشین کە تا ئێستا لەسەر کەشتییەکە ماونەتەوە، کە پێکهاتوون لە 25 ئەندامی تیمی کەشتییەکە و 2 کارمەندی پزیشکی.
کەشتییەکە کە لەلایەن کۆمپانیای "Oceanwide Expeditions"ی هۆڵەندییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دوای گیانلەدەستدانی 3 سەرنشین بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی دەگمەنی هانتا، بووە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان. شایەنی باسە ڤایرۆسی هانتا تا ئێستا هیچ پێکوتە (ڤاکسین) یان چارەسەرێکی پزیشکیی دیاریکراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.