پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، لە سنووری شارەدێی هێرۆ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێک و کۆمەڵێک داری بڕاوەدا گیراوە لە بۆ گواستنەوە ئامادەکرابوون، بەڵام تۆمەتبارەکان پێش گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس هەڵهاتوون.
ئەمڕۆ شەممە 16ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هێرۆ، دەرچوونێکی مەیدانییان بۆ سنووری گوندەکانی (مڕە) و (دەروونە) لە شارەدێی هێرۆ سەر بە شارۆچکەی پشدەر ئەنجام داوە، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشتووە کە سەرپێچیکاران خەریکی بڕینی دارن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکان لە کاتی گەیشتنی مەفرەزەکان بە شوێنی ڕووداوەکە، هەستیان بە هاتنی هێزە ئەمنییەکان کردووە و بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵهاتوون، بەڵام هێزەکان توانیویانە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان و ئەو دارە بڕاوانەدا بگرن کە بۆ گواستنەوە ئامادە کرابوون.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین ئاماژە بەوە دەکات، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەیسەکە کراوەتەوە و ڕێکارە یاساییەکان دەستی پێ کردووە و هاوکات بەدواداچوونی هێزەکانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران بەردەوامە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.