وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە چەند بڕیار و راسپاردەیەكی نوێ لەبارەی لابردنی سەرپێچی زێدەرۆكان لەسەر موڵك و ماڵی دەوڵەت دەركرد، بەپێی بڕیارەكان بۆ لەمەودوا ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی زێدەڕۆیی توندتر دەكرێت.
لە یەكێك لە خاڵەكانی بڕیار و راسپاردەكانی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە "هەر زێدەڕۆییەك لەسەر موڵك و ماڵی دەوڵەت هەبێت کەسی زێدەڕۆکار دەبێت لە ماوەی (24) کاتژمێر سەرپێچییەكە لاببات، بەپێچەوانەوە دەستبەجێ کەیسی یاسایی لەسەر دەکرێتەوە و دەستگیر دەكرێت.
دەقی بڕیار و راسپاردە نوێیەكانی وەزارەتی ناوخۆ:-
بە فەرمانی ژمارە (13933 لـه 13-5-2026) بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی سەرپێچی زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سەرچاوە و سامانە سروشتییەکان توند کران و بۆ ئاستی ناحییەکان شۆڕ کرانەوە.
بە گوێرەی فەرمانێکی وزاری، دوا بەدوای گشتاندنی ژمارە (13788 لە 12-5-2026) و بۆ چالاکترکردنی هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت، دارستان و پاوان، حەڕەمی شەقام و بەنداو و پۆند و چەم و رووبارەکان، و دوای کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، نوێنەرانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بە پشتبەستن بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009 بڕیاردرا بە پێکهێنانی لێژنەی ڕێگریکردن و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی، هاوشێوەی لێژنەی هەولێر، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە و راستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە پارێزگار/ سەرپەرشتیار، بەم جۆرەی خوارەوە:
یەکەم: لێژنە پێک دێت بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی چالاک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئەندامێتی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ، نوێنەری وەزارەتی شارەوانی، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و نوێنەری هەر دەزگایەکی دیکە لە سنووری پارێزگا/ ئیدارەی سەربەخۆ کە بە پێویستی دەزانرێت.
دووەم: پێکهێنانی لێژنەی لاوەکی لە دەرەوەی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی لە قائیمقامییەت و ناحییەکان بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە، و ئەندامێتی نوێنەری ئاسایش، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، یەکێک لە موختاری سنوور. راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە قائیمقام یان بەڕێوەبەری ناحیە.
سێیەم: پێدانی دەسەڵاتی تەواوی بەدواداچوون و ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک کە لە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2018، یاسای ڕێگری لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەویوزار و موڵکی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان و یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی دیکە وەکو زێدەڕۆیی پێناسەکراوە.
چوارەم: کەسی زێدەڕۆکار ئاگادار دەکرێتەوە بە ڕاگرتنی زێدەڕۆییەکە و لابردنی لە ماوەی (24) کاتژمێر. ئەگەر سەرپێچی و زێدەڕۆییەکەی ڕانەگرت و لا نەبرد، دەستبەجێ کەیسی یاسایی لەسەر دەکرێتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر دەکرێت و ئاماژە بە ماددەی (14)/ یەکەم لە یاسای ئاماژەبۆکراو لە بڕگەی دووەم، نابێت زێدەڕۆکار لە هەردوو قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی یان دادگاییکردن، ئازاد بکرێت تا زێدەڕۆییەکە لا دەبات. لێژنە و خانەوادەی زێدەڕۆکار، زێدەڕۆکە لەسەر خەرجی زێدەڕۆکار لادەبات بە پێی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 11ی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2018.
پێنجەم: پارێزگار و سەرپەرشتیار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بەرپرسن لە پێکهێنان و بەدواداچوونی کارەکانی ئەو لێژنانە و جێبەجێکردنی ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر سەرپێچیکار و زێدەڕۆکاران لە رێی ئەو لێژنانەی لەم فەرمانە هاتوون.
شەشەم: هەر کەسێک لە یەکە ئیداری و فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکوومەت کەمتەرخەمی، ئاسانکاری یان چاوپۆشی بکات لە زێدەڕۆیی، بە پێی یاسا و ڕێسا بەرکارەکان ڕێکاری توندی بەرامبەر وەردەگیرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ
14ی ئایاری 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.