Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:08

نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگە پارێزەری هەرێمی کوردستانە و بەهێزیی هەرێم بەهێزیی عێراقە

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 30ی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی 2 لە زاخۆ، چەند پەیامێکی گرنگی سەربازی و سیاسی ئاراستەی ناوخۆ و عێراق و جیهان کرد.


سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا جەختی لە ناسنامەی نیشتمانیی هێزی پێشمەرگە کردەوە و ڕایگەیاند: "پێشمەرگە مەترسی نییە بۆ سەر هیچ لایەک، بەڵکو پارێزەری هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشمەرگە قوربانی گەورەی بۆ گەل داوە و مێژوویەکی پڕ لە شانازی هەیە، بەتایبەت کاتێک بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی توانییان گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی کە "داعش" بوو، تێکبشکێنن.


نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی بەغدا کرد و دووپاتی کردەوە کە "بەهێزی هەرێمی کوردستان، واتە بەهێزی عێراق." گوتیشی: "هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و داهاتووی هەموومان پێکەوەیە؛ سەرکەوتن و شکستمان پێکەوەیە." بەمەش جەختی لە پێویستیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات.


سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گەنجە دەرچووانەی ئەمڕۆ پلەی میلازمیان وەرگرت، چاوەڕوانن بچنە ناو "هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.


لە پەیامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ 359 ئەفسەرە دەرچووەکە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێوە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەن و گەلی کورد شانازیتان پێوە دەکات." هەروەها دەستخۆشی لە بنەماڵەکانیان کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە و بنەماڵەکانتان شانازیتان پێوە دەکەین کە ڕۆڵەکانتان بۆ پاراستنی نیشتمان پێگەیاندووە."

ئەم مەراسیمە کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و کونسوڵی وڵاتان ئامادەی بوون، بە نمایشی سەربازیی دەرچووان و پێدانی بڕوانامە بە یەکەمەکانی خولی 30 کۆتایی هات.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.