مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرزترین پرد لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و شەقامی 40 مەتریی سۆران دەکاتەوە
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە ستراتیجیترین پڕۆژەکانی ڕێگاوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە پڕۆژەی بەرزە پرد و شەقامی دووسایدی 40 مەترییە، بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
ئەم پڕۆژە گرنگە، کە بەردی بناغەکەی لە 28ـی ئایاری 2024 لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە دانرا، قۆناغێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە لە ناوچەکە دەستپێدەکات. پڕۆژەکە پێکهاتووە لە شەقامێکی دووساید بە درێژی 5 کیلۆمەتر، کە تایبەتمەندییەکی جیهانی و ئەندازیاری پێشکەوتووی هەیە.
گرنگترین بەشی ئەم پڕۆژەیە، بەرزە پردی سۆرانە کە بە بەرزترین پرد لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت؛ درێژییەکەی 250 مەتر و بەرزییەکەی 23 مەترە. تێچووی دروستکردنی پردەکە بە تەنیا 28 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا کۆی گوژمەی پڕۆژەی شەقام و پردەکە گەیشتووەتە 50 ملیار و 500 ملیۆن دینار.
لە ڕووی تەکنیکییەوە، شەقامەکە بە پانی 40 مەتر دروستکراوە و هەر سایدێکی لە 3 هێڵی هاتووچۆ پێکدێت، ئەمەش ڕێگە دەدات لە یەک کاتدا 3 ئۆتۆمبێل لە تەنیشت یەکتر گوزەر بکەن. هەروەها شۆستەکانی بە پانی 2.5 مەتر دیزاین کراون و سیستمێکی مۆدێرن و گەورەی ئاوەڕۆ بۆ پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاوی باران.
کردنەوەی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی جەنجاڵی و لۆدی هاتووچۆ لەناو سەنتەری شاری سۆران دەبێت و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان، گەشتیاران و شۆفێرانی ناوچەکە دەکات، کە ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی زیاتری ناوچە جیاجیاکان.
ئەمڕۆ گەورەترین پرد لە سۆران دەکرێتەوە
درێژی شەقام: 5 کیلۆمەتر.
پانی شەقام: 40 مەتر (3 هێڵ بۆ هەر سایدێک).
درێژی پرد: 250 مەتر.
بەرزی پرد: 23 مەتر (بەرزترین لە عێراق و هەرێم).
کۆی تێچووی پڕۆژە: 50,500,000,000 دینار.
تێچووی پرد: 28,000,000,000 دینار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.