بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند، لیژنەکانیان لە چاودێریکردنی بازاڕ بەردەوامن و لە مانگی ڕابردووشدا بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان، 120 شوێن سزای دارایی دراون و 10 شوێنیش داخراون.
ڕۆژی چوارشەممە 13ـی ئایار، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: "بەهۆی دابەشکردنی مووچە و نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، خواست لەسەر کڕینی کاڵا و هەندێک خۆراک لە بازاڕەکانی شاری هەولێر زیاتر دەبێت، بۆیە لیژنەکانمان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین، لە ئێوارانیشدا چاودێریی بازاڕەکان دەکەن".
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، ئەو شوێنانەی کە پابەندن بە پاکوخاوێنی و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان، دەستخۆشی و ڕێزلێنانیان پێ دەبەخشرێت، ئەوانەیش کە سەرپێچیی ڕێنماییەکان دەکەن ڕووبەڕووی سزا و یاسا دەبنەوە.
هۆگر عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لە لایەن لیژنەکانەوە 1500 شوێن بەسەرکراونەتەوە، لەو ژمارەیەشدا 120 شوێن سزای دارایی دراون و 10 شوێنیش داخراون، هاوکات 34 تەن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.