وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، تێچووی شەڕی وڵاتەکەی دژی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 29 ملیار دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕووبەڕووی لێپرسینەوەیەکی تووندی ناوخۆیی دەبێتەوە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم ململانێیە لەسەر توانای سەربازیی ئەمریکا.
لە میانی دانیشتنێکی گوێگرتن لە کۆنگرێس تایبەت بە بودجەی ساڵی 2027، پێنتاگۆن ئاشکرای کرد کە ئەم تێچووە نوێیە بە بڕی 4 ملیار دۆلار زیاترە لەو خەمڵاندنەی کە پێش دوو هەفتە لەلایەن پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکاوە پێشکەش کرابوو.
جوڵز هێرست، بەڕێوەبەری دارایی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی سەرکردایەتیی ئەرکانی هاوبەش و چاودێری دارایی بەردەوامن لە پێداچوونەوە بە خەرجییەکان، ئێستا دەردەکەوێت تێچووی چاککردنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکان و تێچووی ئۆپراسیۆنەکان گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلار.
ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو هەرەسهێنان دەچێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئاگربەستەکە "لە ژووری چاودێریی چڕدایە"، ئەوەش دوای ئەوەی دوایین پێشنیازی ئاشتیی تارانی ڕەتکردەوە.
لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکرات هێرشی توندیان کردە سەر ئیدارەی ترەمپ و ڕەخنەیان لە "نەبوونی شەفافیەت" لە ئامانجەکانی شەڕەکەدا گرت. ڕوزا دیلارۆ، پەرلەمانتاری دیموکرات ڕایگەیاند: "پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە؛ چیمان بەدەستهێنا و بە چ تێچوویەک؟".
هاوکات، مارک کێڵی، سیناتۆری دیموکرات هۆشداری دا لەوەی کە کۆگاکانی مووشەکی (تۆماهۆک) و سیستەمی (پاتریۆت) بەهۆی ئەم شەڕەوە بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمیکردووە، ئەمەش ڕەنگە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتوو لەگەڵ چین لاواز بکات. هەرچەندە وەزیری جەنگ ئەو هۆشدارییانەی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی چەکی پێویستە بۆ بەرگری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.