باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، رەنگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكان دژی ئێران بداتەوە.
مایك واڵتز باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی (ئەی بی سی نیوز) رایگەیاند: هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ هەمیشە ئارەزووی ئەوە بووە بەڕێگەی دیپلۆماسی كۆتایی بە ململانێكان لەگەڵ ئێران بهێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەتەواوی ئامادەیە دەست بە ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكان دژی ئەو وڵاتە بكاتەوە.
راشیگەیاند: ترەمپ هەموو رێگەیەكی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت شەڕ دەست پێ دەكاتەوە.
لە رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێ كرد و لەو ماوەیەدا بەهۆی هێرشە ئاسمانی و مووشەكییەكان هەزاران كەس كوژران، دواتر لە 8ی نیسان ئاگربەست لەنێوان هەرسێ وڵات راگەیەنرا و دانوستانەكان لە ئیسلام ئاباد لە پاكستان دەستیان پێ كردەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە ئێران وەڵامی دوایین پێشنیاری ئەمریكا سەبارەت بە كۆتاییهێنانی جەنگ دایەوە و وەڵامەكەشی گەیاندە دەست بەرپرسانی پاكستان.
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئامادە نەبووە قسە لەسەر ئەم وەڵامەی ئێران بكات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بە وەڵامەكە رازی نەبووە و رەنگە بەو هۆیەوە شەڕ دەست پێ بكاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.