سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەختی كردەوە كە شەڕی ئەمریكا و وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران كۆتایی نەهاتووە، بەهۆی ئەوەی تاران تا ئێستا پارێزگاری لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەكانی دەكات.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەكشەممە لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی (سی بی ئێس) گوتی: هەرچەندە شەڕی دژی ئێران ئەنجامی زۆر باشی بەدەستەوە داوە، بەڵام كۆتایی نەهاتووە مادام تاران تا ئێستا یۆرانیۆمە پیتێنراوەكانی بەدەستەوە بێت و پارێزگارییان لێ بكات.
گوتیشی: ئێستاش چەند ناوچەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێران ماوە و پێویستە لەناو ببرێن.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەختیشی كردەوە كە دەبێت ئێران سەرجەم یۆرانیۆمە پیتێنراوەكانی رادەست بكات و بگوازرێتوە بۆ دەرەوەی ئێران.
ئەم لێدوانەی بنیامین نەتانیاهۆ لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ یەكشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە رەنگە هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیكە دەست پێ بكەنەوە.
جەختیشی كردبووەوە كە ئەگەر ئۆپڕاسیۆنی سەربازییان دژی ئێران ئەنجام نەدابووایە، ئەوا لە ماوەیەكی كورتدا تاران دەبووە خاوەنی چەكی ئەتۆم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.