وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی سزای بەسەر 10 کەسایەتی و کۆمپانیادا سەپاند، بەهۆی ڕۆڵیان لە پشتگیریکردنی تۆڕەکانی دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئێران و هەوڵەکانی تاران بۆ دەستەبەرکردنی چەک.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو قەوارە و کۆمپانیایانەی سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە، دەستیان هەبووە لە دابینکردنی کەلوپەل و تەکنەلۆژیا بۆ سوپای ئێران.
هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو کە لە نێو سزادراوەکاندا چەند کۆمپانیایەک هەن کە بنکەکانیان لە وڵاتی چین و هەرێمی هۆنگ کۆنگە.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیەتی بۆ سنووردارکردنی تواناکانی ئێران لە پەرەپێدانی پیشەسازییە سەربازییەکانی و بڕینی ئەو سەرچاوانەی کە یارمەتی تاران دەدەن لە بەدەستهێنانی چەک و کەرەستەی جەنگی لە دەرەوەی وڵات.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.