ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: واشنتن چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی تاران دەکات سەبارەت بەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەی کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێکان پێشکەشی ئێرانیان کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "پەرتەوازەیی و ناکۆکی لەناو سەرکردایەتی ئێران" ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی وەڵامەکەی تاران بێت.
مارکۆ ڕۆبیۆ دەڵێت: "هیوادارین ئێران پێشنیازێکی جیدی پێشکەش بکات کە وڵاتەکەمان بباتە ناو پرۆسەیەکی
دانوستانی ڕاستەقینە"، سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییەش، جەختی کردەوە کە هێرشەکانی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر ئێران تەنیا وەڵامێکی "بەرگری" بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئۆپەراسیۆنی (Epic Fury) نەبووە، کە پێشتر بۆ تێکشکاندنی سەکۆکانی مووشەک و هێزی دەریایی ئێران ئەنجام درابوو.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دایە تاران و ڕایگەیاند: "تەنیا وڵاتە گەمژەکان وەڵامی ئەو تەقە و هێرشانە نادەنەوە کە دەکرێتە سەریان، ئێمەش وڵاتێکی گەمژە نین".
سەبارەت بە هێڵە سوورەکانی واشنتن، مارکۆ ڕۆبیۆ گوتی: "هێڵی سوور زۆر ڕوونە؛ هەرکاتێک هەڕەشە بۆ سەر ژیانی ئەمریکییەکان دروست بکرێت، ئەوا تێکدەشکێنرێن."
ناکۆکی لە گەرووی هورمز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕۆبیۆ ئاماژەی بەو ڕاپۆرتانە کرد کە باس لە هەوڵی ئێران دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و گوتی: "ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کەشتییە جەنگییەکانیان (یو ئێس ئێس تراکستون، رافائیل بیرالتا و ميسون) لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز، لەلایەن مووشەک و درۆن و بەلەمە جەنگییەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵام هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە و هێزەکانی ئەمریکاش سەرچاوەی هێرشەکانیان تێکشکاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، تاران واشنتنی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر و چەند ناوچەیەکی مەدەنی لە
"بەندەر خەمیر" و "دوورگەی قەشم"، و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندیان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.