ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.5.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "دروستکردنی ڕێڕەو و ڕێکخستنی پایسکلسواری" لە سەنتەری شاری هەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەرۆکی شارەوانی و نوێنەرانی هاتووچۆ و ئەندازیارانی پلان دانان ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە خزمەتکردنی تەندروستی گشتی، پاراستنی ژینگە، کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانە، بەمەش هەولێر دەبێتە یەکەمین شاری عێراق کە وەک شارێکی دۆستی ژینگە و تەندروست بۆ هاووڵاتییان بناسرێت.
ئومێد خۆشناو ئاشکراشی کرد، کە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە سوود لە ئەزموونی شاری پاریسی فەرەنسا و وڵاتی هۆڵەندا وەردەگیرێت و لە نەخشەی نوێی دابەشکردنی زەوییەکانیشدا شوێنی تایبەت بۆ پایسکل و پیادەڕۆ دیاری کراوە. بەهۆی پێکهاتە بازنەییەکەی شاری هەولێر، زەوینەیەکی گونجاو هەیە بۆ بەستنەوەی گەڕەکەکان بە ناوەندی شارەوە، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی کۆتا وردەکارییە تەکنیکییەکان، پڕۆژەکە دەستبەجێ بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.