دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەسەر داوای وڵاتی پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە، و بەهۆی ئەو سەرکەوتنە سەربازییە گەورانەی لە کەمپەینی دژ بە ئێران بەدەست هاتوون، بڕیار دراوە بە شێوەیەکی کاتی پڕۆژەی ئازادی ڕابگیرێت.
ترەمپ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشکەوتنی گەورە لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بەدەست هاتووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتایی. هەر بۆیە هەردوولا ڕێککەوتوون کە جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز (کە بە پڕۆژەی ئازادی ناسراوە) بۆ ماوەیەکی کورت ڕابگیرێت، تاوەکو بزانرێت ئایا ڕێککەوتنەکە دەگاتە قۆناغی واژۆکردنی کۆتایی یان نا.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای ڕاگرتنی کاتیی جووڵەی کەشتییەکان، بەڵام گەمارۆکان بە هەموو هێز و کاریگەریی خۆیانەوە بەردەوام دەبن و وەک خۆیان دەمێننەوە.
ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای زنجیرەیەک گرژیی سەربازی دێت لە ناوچەکە، کە تێیدا واشنتن جەخت لەسەر گۆڕینی ڕەفتارەکانی تاران و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ دەکاتەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.