مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنی تورەی داستان ئاسا کۆتایی هاتووە و ئامانجەکانی خۆی پێکاوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن بەدوای پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکاندا ناگەڕێت و ڕێگەی ئاشتی و گەیشتن بە ڕێککەوتنی پێ باشترە.
ڕۆبیۆ ئاشکرای کرد کە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ دانوستانەکانی داهاتوو ئامادە بکرێت، کە هەموو بابەتە سەرەکییەکان بگرێتەوە، لەوانەش کردنەوەی تەواوەتی گەرووەکان بۆ ئەوەی دۆخی بازرگانی جیهان بگەڕێتەوە باری ئاسایی. گوتیشی: سەرۆک پێی باشە ئەم پرسە لەو ڕێگەیەوە چارەسەر بکرێت کە ستیو و جارێد کاریان لەسەر کردووە و ئێمەش پشتیوانیمان کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا ئێران ئەو ڕێگە دیپلۆماسییەی هەڵنەبژاردووە، بۆیە ئەمریکا وەک تاقە وڵات کە توانای هەبێت، ناچارە هەنگاو بنێت بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێک لە گەرووی هورمز بە مەبەستی گواستنەوەی کاڵاکان و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لەوێ گیریان خواردووە.
ڕۆبیۆ هۆشداری دا کە ئێران ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی ئابووریی کارەساتبار و نەوەیی دەبێتەوە کە بەهۆی کردەوەکانی خۆیانەوە بەسەریاندا دەسەپێت. ڕاشیگەیاند: پێویستە پێداچوونەوە بەو ئاراستەیەدا بکەن کە گرتوویانەتە بەر، پێش ئەوەی خۆیان تووشی وێرانکارییەکی تەواوەتی بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.