Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 08:30

ئێران: هێرش دەکەینە سەر هەر هێزێکی بیانی کە هەوڵی نزیکبوونەوە لە گەرووی هورمز بدات

کوردستان TV
100%

بارەگای (خاتەمولئەنبیا) لە ئێران، هۆشداریی دا لەوەی هەر هێزێکی بیانی بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا هەوڵی نزیکبوونەوە لە گەرووی هورمز بدات، ئەوا دەکرێتە ئامانج.

ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی ئایار، میدیاکانی ئێران لە زاری ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیاوە بڵاویان کردووەتەوە: "هێزەکانی ئێران بەرپرسیارێتیی دابینکردنی ئاسایشی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە ئەستۆ دەگرن و لە هەر بارودۆخێکدا بێت، دەبێت تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێراندا ئەنجام بدرێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تاران بە تایبەتی هۆشداری دەدات لە نزیکبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر جووڵەیەک لەلایەن ئەمریکاوە، ڕووبەڕووی وەڵامی سەربازیی ئێران دەبێتەوە.

هەروەها داوا لە کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کراوە کە خۆیان بەدوور بگرن لە تێپەڕبوون بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە، ئەمەش بە مەبەستی زامنکردنی سەلامەتییان و ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختی لەوە کردەوە: "ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز".

دوێنێ یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەوڵەکانی ئەمریکا سەبارەت بە "ئازادکردنی جووڵەی کەشتییەکان" لە گەرووی هورمز، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەکات.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.