دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پێشنیارە نوێیەكەی ئێرانیان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ خوێندووەتەوە و بەهیچ شێوەیەك لای ئەوان جێگەی قبووڵكردن نییە.
سەرۆكی ئەمریكا لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی ئیسرائیل گوتی: پێمانوایە پێشنیارە نوێیەكەی ئێران خواستەكانی ئەمریکا بەدی ناهێنێت و گەرەنتی پێویست سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی نادات، بۆیە ئەو پێشنیارە لای ئێمە جێگەی قبووڵ نییە.
ترەمپ راشیگەیاند: سەرجەم دانوستانەكان لەگەڵ ئێران وەستان و ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لە ئارادا نین.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، ئێران پێشنیارێكی نوێی كە لە 14 خاڵ پێكهاتووە لە رێگەی پاكستانەوە رادەستی ئەمریكا كردووە، گرنگترین ئەو خاڵانەی لە پێشنیارەكەدا هاتووە بریتین لە:-
- گرەنتی بدرێت لە داهاتوودا جارێكی دیكە هێرش نەكرێتەوە سەر ئێران
- كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانی نزیكی ئێران
- هەڵگرتنی راستەوخۆی گەماڕۆ ئاوییەكانی سەر ئێران
- ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران
- قەرەبووكردنەوەی زیانەكان كە ئەنجامی ھێرشەكان تووشی ئێران هاتووە
- هەڵگرتنی سەرجەم سزا ئابوورییەكان
- كۆتاییهێنانی بە شەڕ لە سەرجەم بەرەكاندا بەتایبەت لە لوبنان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.