Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 23:09

کشتوکاڵی هەولێر ڕێنمایی نوێی بۆ وەرزی دروێنە بڵاوکردەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە مەبەستی پاراستنی دەغڵودان و ڕێگریکردن لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە، کۆمەڵێک ڕێنمایی و مەرجی توندی بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ ڕاگەیاند و داوا لە جوتیاران و شۆفێرانی دەڕاسە دەکات پابەندی بن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بۆ پاراستنی بەرهەمی گەنم و جۆی جوتیاران، پێویستە ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بکرێن:

ئامێری ئاگرکوژێنەوە: پێویستە هەموو دەڕاسەیەک ئامێری ئاگرکوژێنەوەی تێدابێت بۆ چارەسەری هەر ئاگرێکی کتوپڕ.

قەدەغەکردنی لەحیم: بە هیچ شێوەیەک نابێت کرداری لەحیمکردن لە ناو کێڵگەکاندا ئەنجام بدرێت.

ئاگاداری لە هێڵەکانی کارەبا: پێویستە شۆفێرانی دەڕاسە لە کاتی کارکردندا زۆر ئاگاداری هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا بن.

چاککردنی ڕێگەکان: پێویستە ڕێگەی نێوان تۆخوبەکان و ڕێگەی چوون بۆ سەر زەوییەکان چاک بکرێن، تاوەکو لە کاتی ڕوودانی ئاگردا تیمەکانی بەرگری شارستانی بە زوویی بگەنە شوێنی مەبەست.

تانکەری ئاو: دەبێت هەر دەڕاسەیەک تانکەرێکی ئاوی بە بەردەوامی لەگەڵدا بێت.

دوورکەوتنەوە لە جگەرە: شۆفێرانی دەڕاسە و کرێکاران دەبێت بە تەواوی لە جگەرەکێشان لە ناو کێڵگەکاندا دووربکەونەوە.

لە کۆتاییدا، کشتوکاڵی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە پێویستە ژمارەی تەلەفۆنی بنکەکانی بەرگری شارستانی بە بەردەوامی لەلای جوتیاران بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا زیانەکان لە کەمترین ئاستدا بن و ماندووبوونی ساڵێکی جوتیاران بە فیڕۆ نەچێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.